هەولێر … پاركی یەكتربڕی ڕێگەی هەولێر- مووسڵ لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر كرایەوە….
هەولێر …
پاركی یەكتربڕی ڕێگەی هەولێر- مووسڵ لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر كرایەوە….
پارکەکە زیاتر لە 10 هەزار دار و 22 هەزار گوڵ و دەوەنی تێدایە
ئەمڕۆ یەكشەممە 3.8.2025 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی شارەوانی و خزمەتگوزاری، پڕۆژەی سەوزکردنی یەکتربڕی ڕێگەی سەرەكیی هەولێرـ مووسڵ لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر كرایەوە كە گوژمەی پڕۆژەكە 3 ملیار و 422 ملیۆن دینارە.
ئەم پاركە لە 18/5/2024 لەسەر ئەرك و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر بودجەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران دروستكراوە و ئەمڕۆ بەڕووی گەشتیاران و دانیشتووانی شاری هەولێر كرایەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر قسەیان بۆ میدیاكان كرد و تیشكیان خستە سەر گرنگی پاركەكە لەڕووی جوانكاری و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێردا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵی خۆی بە كردنەوەی ئەم ناوچە سەوزاییە و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەم پارك و سەوزاییە لەسەر بڕیار و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتی نووسینگەی جەنابی سەرۆكوەزیران دروستكراوە. هەروەها سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی سەرۆكوەزیرانیشی كرد بۆ دروستكردنی ئەم پاركە گەورەیە لە شاری هەولێردا.
ساسان عەونی، گوتیشی: ئەم پاركە لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستكراوە لە یەكتربڕی شەقامی هەولێر - مووسڵ لەگەڵ شەقامی 120 مەتریی هەولێر، دیزاینی پاركەكە لەلایەن تیمێكی تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دانراوە و كارەكانی لەلایەن تیمێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە كارەكان جێبەجێ كران.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: ڕووبەری ئەو سەوزاییە زیاتر لە 10 هەزار داری جۆراوجۆر و 22 هەزار گوڵ و دەوەن و دوو بیری ئاو و دوو عەمباری گەورەی ئاو و ئاڵایەكی سەركەشی كوردستانی بە بەرزایی 50 مەتر تێدایە، بۆ یەكەمجاریشە ئاڵایەك بە ڕووبەری 4 هەزار و 12 مەتر دیزاین كراوە و دروستكراوە.
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە وتەیەکدا دڵخۆشی خۆی بە دروستكردن و كردنەوەی ئەم پاركە لە شاری هەولێر دەربڕی و ڕایگەیاند: بەناوی پارێزگای هەولێرەوە سوپاس و ڕێزی خۆمان پێشكەش بە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەین لە چوارچێوەی بۆ پاڵپشتییان لە بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر و جوانكاری و ئەنجامدانی پرۆژە لە شارەكەدا. پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ئەم پاركە دیمەنێكی جوانی شاری هەولێرە بەڕووی گەشتیاران و دانیشتووانی شارەكە، ئەمە بەشێكی دیكەیە لە پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێزدار سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە ژینگە و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، لەبارەی جێبەجێكردنی پشتێنەی سەوزایی شارەكەش پارێزگاری هەولێر گوتی: پشتێنەی سەوزایی هەولێریش چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەوە.