هەولێر ...... پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەندانی عێراق كرایەوە
هەولێر ......
پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەندانی عێراق كرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.7.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوو لە هونەرمەند و هونەردۆستان پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی "تراتیل ملونة " لە گەلەری میدیا لە هەولێری پایتەخت كردەوە.
پێشانگاکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاری و کاری دەستی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ڕێکخرابوو، تێیدا 10 هونەرمەندی شێوەکاری دیاری شارە جیاوازەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەریەكەیان بە سێ تابلۆی جیاواز و تایبەت بەشداریان کردبوو.
پارێزگاری هەولێر لە کاتی بەسەرکردنەوەی هۆڵەکەدا، دەستخۆشی لە هونەرمەندە بەشداربووەکان کرد و جەختی لەسەر بەردەوامی پاڵپشتییەکانی پارێزگای هەولێر بۆ بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و هونەری و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنەران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە.