سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەولێر زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و قوتابخانەیەکی نوێی کردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەولێر زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و قوتابخانەیەکی نوێی کردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەولێر زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و قوتابخانەیەکی نوێی کردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.9.13، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەهەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان قوتابخانەی دواناوەندی تێکەڵاوی گوندی کۆری کردەوە، کە لە دوای لافاوەکەی شارى هەولێر لە ساڵى 2021 لە سەر فەرمانى بەڕێزیان دروستکراوە و لە هەمان قوتابخانەش زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنى 2023-2024ى لێدا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا پێش لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابی و مامۆستایان کرد و گوتی: "خۆشحاڵم کە لێرەم لەگەڵ ئێوە بۆ کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە نوێیە کە بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەردەمیانە دروستکراوە". باسی لەوەشکرد، ئەو ماندووبوونەوەی ئەم مامۆستایانە کە بەردەوامبوون لە خزمەتکردن و وانەوتنەوە بە قوتابیان و بە کەرتی پەروەردە، جێی شانازی و پێزانینی هەموو لایەکە، گوتیشی: "من سوپاسێکی بێ پایانم بۆ خۆڕاگری مامۆستایان هەیە، کە هەمیشە هەموو هەوڵێکیان داوە، قوتابیە خۆشەویستەکان پێبەگەینن و نە‌هێڵن کەرتی پەروەردە پەکی بکەوێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییشیدا، ئەوەی بکرێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی ئەم قەیران و دۆخە نالەبارەی ئێستا هەیە، تێپەڕێت و گوتى: "بە تەماین سەردانی بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین".

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: "دەمانەوێت لەو سەردانەی لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە".

سەرۆکى حکومەتى هەرێم، ئاماژەی بە هەندێک کێشە و گرفترەکان و رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا دا و گوتی: "ئێمە پێشتر لە سەردانەکانماندا بۆ بەغدا زۆر رێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و ئەو رێککەوتننانە پیمان وابووە دەبنە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە رێگریان لێکرا و نەیانهێشت رێککەوتنەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە جارێکی تریش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین".

جێگەى باسە، لە چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای قەیرانەکان و گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە نە ناردنی مووچەی مووچەخۆران و شایشتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێم لە گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی پەروەردە بەردەوامبووە، لەو ماوەیەشدا توانراوە (90) بینای نوێی قوتابخانە و باخچەی منداڵان دروست بکرێن و (هەزارو 500) قوتابخانە و باخچەی منداڵانیش نۆژەن بکرێنەوە و (500) هۆڵی نوێی خوێندنیش دروست بکرێن، قوتابخانەی دواناوەندی تێکەڵاوی گوندی کۆرییش یەکێکە لەو قوتابخانەى کە لەلایەن قەیوان گروپ دروستکراوە و ئەمساڵ قوتابیانى سنوورەکە لەم قوتابخانەیە دەستیان بە خوێندن کرد، بۆ ساڵی نوێى خوێندنی 2023-2024، تەنها لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان (493 هەزار و 669 قوتابی) و (31 هەزار و 686) مامۆستای هەمیشەیی و (7 هەزار و 319) وانەبێژ هەن.