پارێزگارانی هەولێر و پارێزگاری شرناخ، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان کۆبوونەوە
پارێزگارانی هەولێر و پارێزگاری شرناخ، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان کۆبوونەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2025.10.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بیرۆل ئێکێچی، پارێزگاری شرناخ ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، تیشکیان خستە سەر پلانەکانیان بۆ برەودان و بەرەو پێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لە بوارە جیاجیاکاندا.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: " بە ئامانجی برەودان بە پەیوەندییە بازرگانی، کولتووری، ئەدەبی و زانستییەکانمانە، بەتایبەتی لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا. كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا و هەردوولامان پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەکانی نێوانمان بەرز نرخاند."
جەختیشی لەسەر گرنگیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردەوە و گوتی: "پرۆسەی ئاشتی یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان. هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا و لە ڕێگەی جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، کە هەمیشە جەختی کردووەتەوە بەشێکی گرنگ و پشتیوان بووە لەم پرۆسەیە، ئەمەش یەکێک بوو لە تەوەرەکانی گفتوگۆمان."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە یەکەمجارە پارێزگاری شرناخ سەردانی هەولێری پایتەخت دەکات و ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و ئەنجامدانی سەردانی هاوشێوە بۆ شرناخ لە داهاتوودا.
لای خۆیەوە، بیرۆڵ ئێکیجی، پارێزگاری شرناخ، سوپاسی بانگهێشتنامەکەی پارێزگاری هەولێری کرد و گوتی: "سڵاوی هاووڵاتییانی شرناختان پێدەگەیەنم و پیرۆزبایی لە پارێزگای هەولێر دەکەم بۆ ئەو پێشکەوتن و سەوزاییەی شاری هەولێر بەخۆیەوە بینیویەتی. شاری شرناخیش یەکێکە لەو شارانەی کە بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت."
هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگیی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل (پێشخابوور) و ڕایگەیاند: "ئەم دەروازەیە کە دەکەوێتە نزیک شارەکەمان، یەکێکە لە گرنگترین دەروازە نێودەوڵەتییەکان کە ساڵانە بە بەهای 17 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تێدا دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە کە ئەم ڕێژەیە بۆ 30 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە." ئاشکراشی کرد، "ڕۆژانە نزیکەی چوار هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و زیاتر لە 10هەزار هاووڵاتی لەم دەروازەیەوە هاتوچۆ دەکەن."