ئەمساڵ.. زۆرترین قوتابخانە لە سنوورى پارێزگای هەولێر دروستدەکرێت

ئەمساڵ.. زۆرترین قوتابخانە لە سنوورى پارێزگای هەولێر دروستدەکرێت

ئەمساڵ..
زۆرترین قوتابخانە لە سنوورى پارێزگای هەولێر دروستدەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.1.14، لەسەر ڕاسپاردەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوە گرنگیدانى کابینەی نۆیەم بە کەرتى پەروەردە و فێرکردن و فه‌راهه‌مكردنی كه‌شێکى گونجاوی خوێندن بۆ قوتابیان، هەریەک لە د.ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و د.محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، سەبارەت بە پلان و بەرنامەى ئەمساڵ 2024ى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەنجامدانى پڕۆژەى دروستکردنی چەندین قوتابخانە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، تەئکید لە ڕاسپاردەى سەرۆکى حکومەت و ئه‌وله‌ویه‌تی کارى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرایەوە لە برەودانى زیاتر بەکەرتى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى، هەروەها دەستپێشخەرى و هەنگاوەکانى ئەو وەبەرهێنەر و خێرخوازانەش بەرز نرخێندرا کە لەساڵانى ڕابردوودا هاوکار و یارمەتیدەر و هەماهەنگکارى حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونە لە ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش و دروستکردنى قوتابخانە.

لە کۆتایشدا، کۆبوونەوە لە چوارچێوەى ئەو ئامادەکارى و پلان و بەرنامەیەى بۆ ئەمساڵ "2024" لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و پارێزگاى هەولێر داڕێژراوە، بڕیاریدا بە دروستکردنى ژمارەیەکى زۆرى قوتابخانە بەپێى ئەو نەخشە و کوالێتیه‌ى دیارى کراوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە تایبەتى لەو ناوچە و گەڕەک و شوێنە هەژارنشینانه‌ى كه‌ پێویستن.