هەولێر .... زیاتر لە ( 2 هەزار ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری ناحیەی ڕزگاری دابەش كرا
هەولێر ....
زیاتر لە ( 2 هەزار ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری ناحیەی ڕزگاری دابەش كرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.10.16، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ڕابەر شێرە، بەڕێوەبەرى ناحییەى ڕزگارى و سەرۆكی شارەوانی ناحیەكە، لە دیوانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر لە ڕێوڕەسمێكدا بە تیروپشك زیاتر لە ( 2 هەزار ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری ناحیەی ڕزگاری دابەشكرا، كە زیاتر لە دوو هەزار فەرمانبەر و جووتیارانی قەرەبووكراوەی بوونە خاوەنی زەوی خۆیان.
لەڕێورەسمەكەدا، وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ تیروپشك بۆ دابەشكردنی زیاتر لە 2 هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگاری دەكەین كە بەشێك لەو زەوییانە قەرەبووی ئەو جووتیارانەیە زەوییەكانیان كوژێندراونەتەوە. گوتیشی: لەم ژمارەیەدا زیاتر لە 1850 پارچە زەوییان بۆ فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگارییە.
هەروەها پیرۆزبایی لە فەرمانبەران و ئەو جووتیارانەش كرد كە زەوییان بۆ دەرچوو، هاوكات دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ئیدارە و شارەوانیی ڕزگاری كرد كە كاری هونەری و دروستكردنی نەخشەی كەرتیان بۆ زەوییەكان كرد.
گوتیشی، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی پارەوە دەستیپێكردووە، بە بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و پێشكەوتنێكی زۆر باشی بەخۆیەوە دیوە و لە زۆر شوێن كارەكان گەیشتووەتە دوایین قۆناغ و كاركردنیش بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، زەوییەكانیان وەربگرن.
جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، هەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگەیەک و كارمەندێكی ناوخۆ كە هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.
لیستی ناوەكان:
https://drive.google.com/.../1gDvlaYnT.../view...