هەولێر... کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری هەولێری بەڕێوەچوو

هەولێر... کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری هەولێری بەڕێوەچوو

هەولێر...
کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری هەولێری بەڕێوەچوو

شەوی شەممە 2025.10.18، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی باج و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبا، شارەوانیەکان، کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانی یەک، لە دیوانی پارێزگا، کۆبونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری هەولێری بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕۆڵ و گرنگی و کاریگەری هەولێرییەکان، لە هەموو کات و سات و هەلومەرج و بارودۆخێکدا کرا، و بەشێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خرایە ڕوو و جەخت لە بەردەوامی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییانی شاری هەولێر کرایەوە.

لە تەوەرێکی تردا، باس لە پێکەوە ژیان و تەبایی و خۆشەویستی نێوان پێکهاتەکان کرا، کە هەرێمی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی لە ناوچەکەدا بۆتە سیمبوڵ و نموونەی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، ئەو ئارامی و سەقامگیرییە لە هەرێمی کوردستانیش بەرقەرارە، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان و هەمووان شانازیی پێوە دەکەن.

پاشان لەلایەن ئامادەبووانە بەشێک لە خواست و داواکاری دوکاندار و کاسبکاران و خاوەنی موڵکەکانی شاری هەولێر خرایە ڕوو و گفتوگۆ لە بارەی ڕێگە چارەسەرییەکانی کێشە و گرفتەکان کرا و لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی پێویستی وەرگرت.

لەکۆتایشدا، ئامادەبووان زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەو دەرفەتە و ئومێدیان خواست ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە بەردەوامیان هەبێت.