پارێزگارى هەولێر و کونسوڵی هۆڵەندا، پرسی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، كە پرۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى هەولێرى پایتەختە تاوتوێ دەكەن

پارێزگارى هەولێر و کونسوڵی هۆڵەندا، پرسی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، كە پرۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى هەولێرى پایتەختە تاوتوێ دەكەن

پارێزگارى هەولێر و کونسوڵی هۆڵەندا، پرسی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، كە پرۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى هەولێرى پایتەختە تاوتوێ دەكەن

ئەمڕۆ یەكشەممە 2025.10.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە ئەدریان ئایسلستین، کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد كە پێكهاتبوو لە سیمۆنی فلیپینی، سەرۆكی كۆمیتەی هۆڵەندی بۆ هەڵسەنگاندنی كاریگەرییە ژینگەیەكان و چەند دبلۆماتكارێكی دیكەی كونسڵخانەكە.

لە دیدارەکەدا، کە هەریەك لە جێگری پارێزگار، سەرۆكی یەكەی گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ، سەرۆکى شارەوانى، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر، بەڕێوەبەری ئاودێری، بەڕێوەبەرى EJCCى پارێزگاى هەولێر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی پارێزگا، ئامادەى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و ‏به‌ره‌وپێشبردنيان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى كشتوكاڵدا کردووە.‏

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، سوپاسی هاریکاریی و هەماهەنگیی پارێزگای هەولێری لەگەڵ كونسڵخانەكەیان کرد و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵدا دووپات کردەوە. هەروەها ستایشی ڕۆڵى پارێزگاى هەولێرى کرد لە سەرجەم ئەو کارانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا بە هاوبەشى لەگەڵ كونسڵخانەی وڵاتەكەیان ئەنجامینداوە و کورتەیەکى لەبارەى ئامانجى سەردانەکەیان خستەڕوو.

پاشان پارێزگارى هەولێر، وێڕای دەستخۆشى لە هامەهانگى و هاوبەشى كونسڵخانەی ناوبراو لەگەڵ پارێزگاى هەولێر، پیرۆزبایی لە كونسڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە هاوبەشیکردنیان لەگەڵ پارێزگای هەولێر و هەموو پاڵپشتى و هاوکارى و هەماهەنگییەکى پارێزگای هەولێریشی بۆ سەرخستنی كارەكانی دووپاتكردەوە.

دواتر لە كۆبوونەوەیەكدا، گفتوگۆ لە بارەى گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا کرا و تیشک خرایەسەر سەرجەم ئەو رێکار و کار و پڕۆژانەى لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر لەو پێناوەدا گیراوەتەبەر كرا، بەتایبەتی پڕۆژەى پشتێنەى سەوزایی شارى هەولێر، كە پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیە بۆ شاری هەولێر و لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، لە چوارچێوەی ماستەرپلانى شارى هەولێر بڕیاری لێدراوە و پێكهاتووە لە ( 8 ) زۆن و لەو ماوەیەشدا لە یەكێك لە زۆنەكانی دەست بەكاركردن كراوە.

لەوبارەیەشەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە لەڕێگەی پرزتیشنێكەوە بەرچاوو ڕوونى زیاتر و داڕشتنى پلان و کارکردن لە پڕۆژەكەیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد، کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر و سەرۆكی كۆمیتەی هۆڵەندی بۆ هەڵسەنگاندنی كاریگەرییە ژینگەیەكان، خۆشحاڵی خۆیان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە نیشاندا.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، تیشك خرایەسەر پڕۆژەیەکی دیكەی گرنگی دۆستی ژینگە كە ئەویش پڕۆژەی پایسکل سوارییە لە هەولێر، كە بەجێبەجێبوونی جگە لە رەهەندی مێژویی و گەشتیاری و ژینگە دۆستی و وەرزشی بۆ هەولێری پایتەخت زیاد دەکات، سوود و خزمەتێکی زۆریش پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات، بەتایبەتی ئەو کەسانەی ئارەزووی پایسکل سواریان هەیە. پارێزگاری هەولێر ئاشكرایكرد دیزاین و ئامادەكارییەكانی دروستكردنی ڕێڕەوی پڕۆژەكە تەواوكراون و بڕیارە لەو نزیكانە لە هەولێری پایتەخت بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەكۆتایدا، کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر و شاندی یاوەری، سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پێشوازییەكە و پێشكەشكردنی ڕوونكردنەوەی پێویست لەبارەی پڕۆژەكان و پاڵپشتى و هاریکارى بەڕێزیان بۆ كونسڵخانەی وڵاتەكەیان بەرزنرخاند و جەختیان لە هاریكاری و هەماهەنگی و هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کردەوە.