لە سەر قەڵات ... پێشوازیى لە شاندێکى باڵای دەوڵەتی ئیمارات کرا

لە سەر قەڵات ... پێشوازیى لە شاندێکى باڵای دەوڵەتی ئیمارات کرا

لە سەر قەڵات ...
پێشوازیى لە شاندێکى باڵای دەوڵەتی ئیمارات کرا

ئەمشەو دووشەممە 2025.10.20، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و محمد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بەیانی سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوه‌ ناحکومییه‌كان و یادگار ئەرگوشی، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر، لە سەر قەڵات، پێشوازیان لە شاندێکی باڵای دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتی عبداللە لووتا، جێگری وەزیر و بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگی لە ئەنجومەنی وەزیرانی شانشینی ئیماراتی عەرەبی کرد.

لە دیدارەکەدا، کە شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر ئامادەی بوو، شاندی میوان چه‌ند شوێنێكى كلتوورى و مێژووییان له‌ سه‌ر قه‌ڵاتى هه‌ولێر به‌سه‌ركرده‌وه‌ و خۆشحاڵى خۆیان بەسەردانیکردنى هەولێرى پایتەخت و ئەو ئارامى و ئاسایش و ئاوەدانى و سەقامگیرییەى لە شارەکەدا بەرقەرارە نیشاندا.

جێگەى باسە، ئامانج لە سەردانەکەى شاندى ناوبراو بۆ هەولێرى پایتەخت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان، ئیمارات یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە لە ساڵی 2006ەوە وەبەرهێنان و کارە بازرگانییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا پەرەپێداوە، بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە ئابوورییە زیاتر کراوە.