بەگوژمەی نزیكەی ( 5 ملیار دینار ) .. نۆژەنکردنەوەی 26 یاریگا لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست پێدەکات
بەگوژمەی نزیكەی ( 5 ملیار دینار ) ..
نۆژەنکردنەوەی 26 یاریگا لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست پێدەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.22، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری لاوان و پێشخستنی وەرزش، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دوای واژووكردنی گرێبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵەكان، بە گوژمەی ( 4 ملیار و 700 ملیۆن دینار ) نۆژەنکردنەوەی ( 26 یاریگای)ی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دروستكردنی یاریگایەكی نوێی ( 11 ) یاریزانی لە سەنتەری قەزایی هەریر ڕاگەیاند، ئاشكراشی كرد هەموو ڕێكارەكان تەواوبووە و لە بەیانیەوە كۆمپانیای جێبەجێكار دەست بەكارەكانی دەكات.
پارێزگاری هەولێر وێڕای ئەوەی بەناوی پارێزگا و خەڵكی شاری هەولێر و وەرزشكار و وەرزشوانان، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مسرور بارزانی كرد، بۆ پشتیوانی و ڕەزامەندیان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. گوتی، بەهۆی دواکاری و داوای یاریزانان و پێشەنگانی وەرزش لە شارەكەمان، و بە پشتیوانی جەنابی سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی و ئەنجومەنی وەزیران، ئەم هەنگاوەی گەورە لە شارەكەمان بەڕێوە دەچێت.
ڕاشیگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا ( 26 ) یاریگا نۆژەن دەکرێتەوە و یاریگایەكی نوێی 11 یاریزانیش لە سەنتەری قەزای ھەریر دروست دەکرێت بە شێوەیەکی نوێ و بە ستانداردی جیهانی. لەو ( 26 ) یاریگایەشدا، ( 16 ) یاریگایان بۆ شەش یارەزانیە و ( 8 ) یاریگاش بۆ 11 یارەزانی دیزاین کراون، كە زیاتر تیپە مللیەكان و یاریزان و ڕاهێنانی سوودی لێوەدەبینن .
گوتیشی، ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ لاوان و گەنجان و یاریزانانی شارەکەمانە. ئەمە تەنها یاریگا نیە، بەڵكو بناغەیەكە بۆ پەرەسەندنی توانا و ئەمادەکردنی یاریزانانی تیپە مللیەکان بۆ بەرهەم هێنانی ئەنجامی باشتر و دروستكردنی یاریزان.