لە هەولێر... ڕێورەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی و بەخشینى پێنجەمین خەڵاتی ساڵانەی " د.فەرسەت سۆفى " وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی بەڕێوەچوو
لە هەولێر...
ڕێورەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی و بەخشینى پێنجەمین خەڵاتی ساڵانەی " د.فەرسەت سۆفى " وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.11.18، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د. زانا مەلاخالید، بەرپرسى لقى2ى پارتى و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و د.جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و د.هێمن میران، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ژمارەیەکى زۆرى دیکە لە بەرپرسانى دیكەی یەکە ئیدارى و کارگێڕییەکانى سنورى پارێزگاى هەولێر و فەرماندەى سەربازی و هاوڕێیان و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە ڕێورەسمێكدا لە سەر ئارامگەى جوانەمەرگ خوالێخۆشبوو " د.فەرسەت سۆفى " پارێزگارى پێشووى هەولێر، لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد لە شارى هەولێر، پارێزگاى هەولێر لە ساڵیادى کۆچى دوایی جوانەمەرگ پێنجەمین خەڵاتی ساڵانەی " د.فەرسەت " وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، بەخشى بە (ڕێبوار شەفیق ئەحمەد) وەك كەسێكی دەستپاك.
لە مەراسیمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، ڕایگەیاند: '' یادکردنەوەى جوانەمەرگ د.فەرسەت سۆفى، یادکردنەوەى هەموو ئەو سیفەتە جوانانەیە کە جوانەمەرگ لەسەرى پەروەردە کراوە''.
گوتیشى، لە پارێزگاى هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ بنەماڵەى جوانەمەرگ، لەم یادەدا، وەک نەریتێکى ساڵانە بەهۆی ئەو دەستپاکییەی هەیبووە، بۆ ئارامى گیانى جوانەمەرگ بڕیارمان داوە خەڵاتی دەستپاکی بە ناوی ''د.فرسەت سۆفی'' ببەخشین بەو کەسانەى کە بە دادپەروەرى و دەستپاکى خزمەت دەکەن، بۆ ئەمساڵیش لەو لیژنەیەى کە لە پارێزگاى هەولێر دیاریمانکردووە ئەم خەڵاتە دەبەخشرێت بە كەسێكی دەستپاك لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ، كە كاری كرێكاری دەكات و كرێچییە و خاوەنی نەخۆشێكی درێژخایەنە لە خێزانەكەیان، لەماوەی ڕابردوو جانتایەکی دۆزیتەوە، نزیکەی یەک دەفتر و نیوی تێدابووە لەگەڵ 4 کارتی بانک و سویجی ئۆتۆمبێل و جواز سفر ، بە ئەمانەتەوە گەڕاندویەتیەوە بۆ خاوەنەكەی.
ڕاشیگەیاند،" هەمیشە ئامانجى کارەکانى جوانەمەرگ نیشتیمان بوون، بۆیە کاتێک جەنابى سەرۆک بارزانى دەستنیشانی کرد وەک پارێزگارى شارێكی گەورەی وەك هەولێر، دکتۆر فەرسەت کۆمەڵێک ئامانجى هەبوو لە خزمەتکردن و ئاوەدانترکردنەوەى ئەوشارە، بەڵام بەداخەوە تەمەن ڕێگەى نەدا و لەماوەی ئەو ساڵەشدا کە پارێزگار بوو كاری زۆری كرد و شوێن پەنجەی دیارە".
لەكۆتایشدا، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی2ی پارتی و هێڤار فەرسەت سۆفى و زاهیر سۆفی، تاجگە گوڵینەى ڕێز و وەفا لەسەر ئارامگەى جوانەمەرگ "د.فەرسەت سۆفى" دانرا.
جێگەى باسە، ئامانج لە پێشکەشکردنى خەڵاتى ساڵانەى د.فەرسەت سۆفى وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، لەلایەن پارێزگای هەولێر، بۆ زیندووکردنەوەى ئەو یادى ئەو پیاوەیە کە تەمەنێکى کورت ژیا، بەڵام ژیانى خۆى لە پێناو خزمەتکردنى (چاکسازیی، دادپەروەرى، دەستپاکى) تەرخانکردبوو، ئەم خەڵاتە ساڵانە لە یادى کۆچی دوایى د.فەرسەت سوفى، پارێزگارى پێشووى شارى هەولێر، بۆ زیندوو هێشتنەوەى روحى شادى ئەو پیاوى دەستپاک و دادپەروەرە، لەلایەن لیژنەیەکەوە لە پارێزگاى هەولێر کەسێکى دەستپاک دەست نیشان دەکرێت و خەڵاتەکەى پێدەبەخشرێت، لە ساڵی یەکەم، خەڵاتەكە بەخشرا بە ئیبراهیم حوسێن حموش؛ ئەو عەریزە نووسەی لە بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە نزیکەی 30 هەزار دۆلاری دۆزیبووەوە و گەڕاندبوویەوە بۆ خاوەنەکەی، ساڵى دووەم، بەخشرا بە (نەجات نادر سادق) کارمەندى گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتى ژینگە پارێزى هەولێر کە بڕى 13 ملیۆن دینارى گەڕاندبۆوە بۆ خانەوادەیەک، ساڵى سێەم، بەخشرا بە "عەلی حوسێن تەها" فەرمانبەری لە بنکەی تەندروستیی سماقووڵی کە ئەرکی وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران بوو و لەکاتى وەرگرتنى مووچەى فەرمانبەران بە هەڵە و زیادە لە بانکى شارى کۆیە بڕی 20 ملیۆن دیناری پێدەدرێت ئەوەیش دواى وەرگرتنى پارەکە دەیگەڕنێتەوە بۆ بانک، ساڵی چوارەم، بەخشرا بە سامان عارەب، بەڕێوەبەى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر، لەبەرامبەر ئەنجامدانی كارەكانی بە دڵسۆزی و دەستپاكی لە شوێنێکى هەستیار و گرنگ، بۆ ئەمساڵیش، پێنجەمین خەڵاتی د.فەرسەت سۆفی، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، بەخشرا بە (ڕێبوار شەفیق ئەحمەد) وەك كەسێكی دەستپاك. كە جانتایەكی دۆزیوەتەوە و نزیكەی 15 هەزار دۆلار و چەند كەل و پەلێكی تری گەشتیارێكی عێراقی لەناودابووە لەگەڵ سویجی ئۆتۆمبێل و جەوازسەفەری خاوەنەكەی و بە ئامانەتەوە گەڕاندویەتیەوە بۆ خاوەنەكەی.