بە ئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، تەرمى هونەرمەند "خەلیل وەندی" بەخاكسپێردرا
بە ئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، تەرمى هونەرمەند "خەلیل وەندی" بەخاكسپێردرا
بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 2025.11.27، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاریان صلاح الدين، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندان و نووسەران و هاوڕێیان و دۆست و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە مەراسیمێكی شایستەدا لە گۆڕستانى كەسنەزان لە شارى هەولێر، تەرمى هونەرمەندی دیارى کوردستان "خەلیل موراد وەندی" بەخاکسپێردرا.
هونەرمەند خەلیل موراد وەندی لە ساڵی 1947 لە گوندی سید برزوی قەزای خانەقین لە دایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لە شاری خانەقین و بەغدا تەواوكردووە، ساڵی 1973 بەشی زمانی كوردی لە كۆلێژی ئاداب لە بەغدا تەواوكردووە . یەکەم گۆڕانی لەساڵی 1970 لەبەغدا تۆمار کرد بەناوی ( خۆشەویستەکەم ) ، تاساڵی 1980 نزیکەی 65 گۆرانی تۆمار کردووە و یەکێک بوو لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و لە ماوەی ژیانیی هونەرییدا خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە موزیک و گۆرانی کوردی کردووە و. لە ساڵی 1980 بۆتە مامۆستا لە هەولێر و دواجار بووەتە مامۆستا لە زانكۆی سۆران تا ساڵی 2017 خانەنشین كراوە . و ئێوارەی 2025.11.26 دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.