پەیامی پارێزگاری هەولێر، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی
پەیامی پارێزگاری هەولێر، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ ( 39 ) ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی ( بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی ) تێدەپەڕێت، كە یەکێکی ترە لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو دەرهەق بەگەلەمان ئەنجامدرا. ئەو تاوانە گەورەیەی کە تێیدا ژەهر و مەرگی سپی بەسەر خەڵکی بێتاوان و سڤیلی ئەو ناوچە تێکۆشەرەدا باری، تەنیا پەلامارێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی نامرۆڤانە بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامە و جینۆسایدکردنی گەلێک کە تەنیا تاوانی داواکردنی مافی ڕەوای ژیان و ئازادی بوو.
کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی و دەوروبەری، برینێکی قووڵ و ساڕێژنەکراوە لە جەستەی نەتەوەکەماندا و بەڵگەیەکی تری مەزڵومییەتی گەلی کوردستانە لەبەردەم ویژدانی جیهاندا، لەو یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو کارەساتە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دادەنەوێنین و دووپاتی دەکەینەوە، خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ناوچەکە بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمان دەزانین.
داواکاریشین لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی سەرجەم بنەماڵە و کەسوکاری قوربانبانی ئەو تاوانە و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە.
" سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی بالیسان، شێخ وەسانان، دۆڵی خۆشناوەتی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری كوردستان "
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2026.4.16