هەولێر... بە هەڵمەتێکی فراوانی چاندنی نەمام پێشوازی لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دەکات
هەولێر...
بە هەڵمەتێکی فراوانی چاندنی نەمام پێشوازی لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.4.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستانەوە و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاندنی نەمام لە گەڕەکی سەربەستی ( 32ـی پارک ) دەستیپێکرد.
لەهەڵمەتەکەدا، کە بەڕێوەبەرانی شارەوانیەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکە بەشداربوون، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە کرد و ستایشی هەوڵەکانی تیمی شارەوانی کرد بۆ خزمەتکردنی ژینگەی هەولێری پایتەخت. هاوکات جەختی لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژیی "پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر" و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناو سەنتەری شار، بە ئامانجی پاراستنی هاوسەنگیی ژینگە و جوانترکردنی سیمای شارستانیی پایتەخت.
جێگەی باسە، دوای جێگیربوونی بارودۆخی کەشوهەوا، سێ نەمامگەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەستیان بە هەڵمەتێکی سەرتاسەری کردووە. لە پلانی ئەمساڵدا واچاوەڕوان دەكرێت ( 100 هەزار ) نەمامی جۆراوجۆر و ( 56 هەزار ) گوڵی وەک (هیرۆپس، قەدیفە، ناندینا، شمشار و گوڵەباخ ) بچێندرێن، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لە ماوەی ڕابردووشدا نەمامەکانی (وەک: سیسەم، ئەلبیزیا، پێ حوشتر، برخت، دەدۆنیا، واشنتۆنیا، فڵچە بوتڵ و ئەکاسیا) كە لە نەمامگە ناوخۆییەکان بەرهەم هێنراون و بەتەواوی لەگەڵ ژینگەی هەولێردا دەگونجێن چێندراون. هەروەها بڕیارە ئەمساڵ "نەمامگەی نموونەیی 4" لەسەر شەقامی 120 مەتری بکرێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەی سەوزکردنی هەولێر و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە ژینگەییەکان لەو شارەدا.