هەولێر ... بە گوژمەی ( 319 ملیۆن دینار ) بەردی بناغەی پڕۆژەی ( فەرشکردنی چینی یەکەمی تێکەڵە، لێدانی کێربستۆن و فەرشی چینی دووەم ) بۆ شەقامەکانی قەرەبووی ڕەشکین دانرا
هەولێر ...
بە گوژمەی ( 319 ملیۆن دینار ) بەردی بناغەی پڕۆژەی ( فەرشکردنی چینی یەکەمی تێکەڵە، لێدانی کێربستۆن و فەرشی چینی دووەم ) بۆ شەقامەکانی قەرەبووی ڕەشکین دانرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.4.20، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و محەمەد یوسف، بەڕێوەبەری شارەوانی سێ و ژمارەیەک لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، بەردی بناغەی پڕۆژەی ( فەرشکردنی چینی یەکەمی تێکەڵە، لێدانی کێربستۆن و فەرشی چینی دووەم )یان بۆ شەقامەکانی قەرەبووی ڕەشکینان لە گەڕەکی گوڵان دانا.
ئەم پڕۆژەیە کە دەکەوێتە نێوان شەقامی تێرمیناڵی هەولێر و شەقامی کۆرنیش، بە گوژمەی ( 319 ملیۆن دینار ) لە سەر داهاتی 15٪ی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێکهاتووە لە فەرش کردنی چینی یەکەم بە رووبەری 34 هەزار مەتر دووجا، لێدانی کیربستون بە درێژی 7100 مەتر دووجا، فەرش کردنی چینی دووەم بە رووبەری 27 هەزار مەتر دووجا.
لە بارەی پڕۆژەكەوە، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، وێڕای دەستخۆشی لەتیمە هونەری و ئەندازیارییەکان بۆ دەستپێکردنی کارەکان، جەختی لەسەر گرنگیی پڕۆژەکە کردەوە لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەیاندنی سیمایەکی شارستانی بە گەڕەکەکە.
سەبارەت بە بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش لە سنووری پارێزگای هەولێر، پارێزگاری هەولێر، ستایشی ڕۆڵی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەو دۆخە داراییە سەختەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بەهۆی چاودێری و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جەنابیان، کاروانە خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکان بەردەوامییان هەیە. ئاماژەی بەوەشدا، کە حکومەتی هەرێم پێداگیرە لەسەر گەیاندنی دەستی ئاوەدانکردنەوە بۆ هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی، و جەختی کردەوە کە تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکان لەم کاتەدا، نیشانەی خەمخۆری و گرنگیدانی حكومەتی هەرێمە بە ژێرخانی شارەکە و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان.
لەكۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد بۆ هەماهەنگی و هەوڵە ماندوونەناسییەکانی وەزارەتەکەی لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە باشترین شێوە و لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا.