وەزارەتی ناوخۆ رێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە ڕادەگەیەنێت سەرپێچیکار وئەوەی ژینگە پیس بکات سزای توندی بەسەردا دەسەپێندرێت

وەزارەتی ناوخۆ رێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە ڕادەگەیەنێت سەرپێچیکار وئەوەی ژینگە پیس بکات سزای توندی بەسەردا دەسەپێندرێت

وەزارەتی ناوخۆ رێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە ڕادەگەیەنێت
سەرپێچیکار وئەوەی ژینگە پیس بکات سزای توندی بەسەردا دەسەپێندرێت

بە نوسراوی ژمارە ١١٢٥٥ لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦ بە واژووی بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پۆلیس و بەرگری شارستانی و پۆلیسی ژینگە و دارستان و پۆلیسی هاتوچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەنددارەکانی وەزارەتی ناوخۆ راسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان بگرنە بەر و سزای دارایی بە پێی یاسا بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە پیس دەکات.
لە گشتاندنی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە:
"لەبەر رۆشنایی فەرمانی جەنابی سەرۆک وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ بایەخدانی زیاتر بە پاراستنی سروشتی جوانی وڵاتەکەمان، و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨) ی ساڵی ٢٠٠٨، کە تیایدا هاتووە (هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە لە ژینگەیەکی هێمن و پاکدا بژی و ئەرکی هەموو کەسێکیشە کار لە پێناو پاراستنی ژینگە و پاکییەکەیدا بکات) – ماددەی سێیەم/ یەکەم. هەروەها لەبەر رۆشنایی یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان) ماددەی دووەم/یەکەم و (پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی) ماددەی دووەم/ دووەم سپاردووە بە وەزارەتی ناوخۆ، بەو هۆیەی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان وەکو بەشێک لە سامانی گشتی هەژمار دەکرێن، دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ وەکو پۆلیس، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ، هەر یەکەیان بە پێی پسپۆڕی و ئەرکی خۆی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨ و هەموو ئەو ڕێنماییانەی دەستە بۆ پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان دەریکردوون".
لە گشتاندنەکەدا داوا لە دامەزراوەکان کراوە کە لە رێی خۆیانەوە ئاگاداری هاووڵاتیانی خۆشەویست بکەن کە:
یەکەم: لە کاتی گەشت و سەیراندا سروشتی جوان و ڕەنگینی کوردستان وەکو ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان بە دوور بگرن لە پیسکردن لە ڕێی بەجێهێشتنی پاشماوەی گەشت و زبڵ و خاشاک. پێویستە پاشماوەکان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە و لە شوێنی تایبەت دابنێن کە دەستی دامەزراوەکانی شارەوانی دەگاتێ. هەر کەسێک پاشماوەی گەشت بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بە پێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی چل و دووەم لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر کە سزای پێبژاردنە لە (١٠٠.٠٠٠ سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠.٠٠٠.٠٠٠ دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت). دامەزراوەکانی پۆلیس هاوکاری دەستە دەکەن لە سەپاندنی ئەم سزایە.
دووەم: داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە بەشداربن لە پاک و جوانهێشتنەوەی سروشتی کوردستان وەکو شوێنە گەشتیارییەکان، پۆند و بەنداو و جۆگە و چەمەکان، شاخ و دەشت و دۆڵ و چیا و دارستانەکان، پێویستە وەکو ماڵی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن. داوا دەکەین ئەگەر هاووڵاتیەکیان بینی ژینگە پیس دەکات و زیان بە سروشتی کوردستان دەگەیەنێت، ڤیدیۆی بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی دەستە، یان وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی پۆلیس رەوانە بکەن بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریان بگیرێتە بەر.
سێیەم: داوا لە خاوەن پڕۆژەکان دەکەین، بە هەموو جۆرەکانیان کە ناویان لە ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ هاتووە، بە وردی ئەو رێنماییە بخوێننەوە و خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی پاراستنی ژینگە بگونجێنن. بە پێچەوانەوە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستە بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانیان دەکەن و سەرپێچیکار بە گوێرەی ئەو سزایانەی لە ڕێنمایی ئاماژە بۆکراو هاتووە، سزا دەدەن.
چوارەم: ئەنجومەن و لێژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆ پەیامێکی گرنگ ئاراستەی هاووڵاتیان دەکات و ئاراستەیان دەکاتە کە " ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان سامانی گشتی وڵات و هاووڵاتیانن، پاراستنی ئەرکێکی نیشتیمانی، ئایینی و مرۆییە. کەس مافی ئەوەی نیە پیسی بکات و بێ لێپرسینەوە دەرباز بێت".