پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی بەسەر دەکاتەوە
پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی بەسەر دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.4.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان، بەیاوەری ڕێبوار كاكەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر و نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی هەولێر و ئەندازیار و بەرێوەبەری هۆبە و بەشەكانی، لە نێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێر، پرۆژەی تاقیکاری ئاوی بارانی سەربان، کە پڕۆژەیەكە ئاوی بارانی سەربانی باڵەخانەكان پاراوی ژێر زەوی دەکات و یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ دەوڵەمەندکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی بەسەركردەوە.
ئەم پڕۆژەیەش یەکێکە لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی پارێزگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و لە ڕێگەی لێدانی بیرێکی تایبەت و چاڵێکی قووڵ، کە بە بەردی درشت و چەو پڕ كراتەوە بۆئەوەی ئاوەکە بە هێواشی بپاڵێورێت بۆ ناو چینەکانی خاک و دواتر بە سیستمێکی تایبەتەوە دەیپاڵێوت و دووبارە ڕەوانەی ناو حەوز و بیرە تایبەتەکانی پاراوی ژێر زەوی دەکاتەوە، بەمەش ڕێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاوی باران دەگیرێت و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنەوەی کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی.
دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکە، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر، ئەندازیاران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیەكە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە دیدگای حکومەت بۆ پاراستنی سامانی ئاو و خاک لە سنووری پارێزگای هەولێر و، جەختیشی لەوە کردەوە پێویستە ئەو مۆدێلە سەرکەوتووە لە باڵەخانەکانی تریشدا جێبەجێ بکرێت تاوەکو پارێزگاری لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان بکرێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.