هەولێر.. سێیەمین فیستیڤاڵی کەلتووری و پەروەردەیی بەڕێوەچوو
هەولێر..
سێیەمین فیستیڤاڵی کەلتووری و پەروەردەیی بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە 2026.4.28، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زانا مەلاخالید، بەرپرسی لقی2 و سەرۆکی زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان، سێیەمین فیستیڤاڵی ( کەلتووری، پەروەردەیی و نوێبوونەوە ) لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا، پارێزگاری هەولێر بەشە جیاوازەکانی بەسەرکردەوە، کە چەندین چالاکیی جۆراوجۆری زانستی و فەرهەنگی لەخۆگرتبوو، وەك نمایشکردنی پڕۆژە زانستییەکانی قوتابیان و خستنەڕووی کارە دەستییەکان، جلوبەرگی کوردی و نمایشە فۆلکلۆرییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە لە نێوان مامۆستایان و قوتابیاندا.
پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی بۆ ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، تیشكی خستەسەر ئەوەی زانکۆ تەنها شوێنی خوێندن نییە، بەڵکو مەڵبەندی پێگەیاندنی نەوەیەکە کە شانازی بە کەلتووری خۆیەوە دەکات و هاوتەریب لەگەڵ زانستی سەردەم هەنگاو دەنێت و پشتگیریکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە لە کارە لە پێشینەکانی پارێزگای هەولێر هەژمارکرد بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن.
هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابیان خواست و جەختی لە بەردەوامیی ئەم جۆرە کارە ئەکادیمی و فەرهەنگییانە کردەوە کە دەبنە پردێک لە نێوان زانکۆ و کۆمەڵگەدا.