پارێزگاری هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی (3)ی هەولێر دەكات
پارێزگاری هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی (3)ی هەولێر دەكات
ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/5/3، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە کارگێڕییەکان و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی (3)ی هەولێری کرد و لەلایەن بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە پێشوازی لێکرا.
لە بەسەرکردنەوەیەکدا بۆ بەش و هۆبەکانی فەرمانگەکە، پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە لە چۆنیەتی ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییانی کۆڵییەوە و جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی ڕێکارەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین کردەوە، بە جۆرێک کە هاووڵاتییان لە کەمترین کاتدا و بە باشترین شێوە مامەڵەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لە ڕێکوپێکی کارەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، دووپاتیشی کردەوە کە پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی فەرمانگە حکومییەکان بۆ پەرەپێدانی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە هەولێری پایتەخت.