پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی "ستراتیژیی ڕێڕەوی پایسکل‌سواری" دەکات

پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی

پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی "ستراتیژیی ڕێڕەوی پایسکل‌سواری" دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.5.7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی، نوێنەری هاتووچۆ، بەریوەبەرانی ئەندازەی هاتووچۆ، پلان دانان، گرێبەستە گشتیەكان، ئەندازەی پارێزگا، كاروباری ناوخۆ، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "دروستکردنی ڕێڕەو و ڕێکخستنی پایسکل‌سواری" لە سەنتەری شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، كە د. ئاراس برادۆستی، وەك لووتكەی تەندروستی بەشدار بوو، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێدراوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی تەندروستی گشتییی و ژینگەی پارێزی پارێزگاکەیە، هەروەها هۆكارێكی بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شار و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانی ئۆتۆمبێل، هێواشی خوست هەولێر بە جیبەجێكردنی ئەو پڕۆژە گرنگە سترتیژییە ببێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی هەموو عێراق وەك شارێکی دۆستی ژینگە و تەندروست بۆ هاووڵاتییان.

ئاشكراشی كرد بۆ ئەم پڕۆژەیە، لیژنەیەکی تایبەتمەندی ڕاوێژکاری و ئەندازیاری لە پارێزگای هەولێر پێکهێنراوە کە وردەکاری تەکنیکی و ئەندازیاری پڕۆژەکەیان ئامادە کردووە دەستخۆشیان لێدەكەین و لە نەخشەی بنەڕەتی ئەو زەویانەشی لە ئێستادا دابەشكراوە لەلایەن شارەوانیی شوێنی هاتووچۆی پایسكل و پیادەڕۆ دیاریكراوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی شاری پاریس وەک دەستەخوشکی هەولێر و هەروەها وڵاتی هۆڵەندا وەک پێشەنگی جیهانی لە بواری پایسکل‌سواریدا وەربگیرێت.

لەكۆتایشدا، گوتی، بەو پێیەی هەولێر شارێكە بەهۆی پێکهاتە بازنەییەکەیەوە، زەوینەیەکی زۆر لەباری هەیە بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە و بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە. بڕیارە دوای تەواوبوونی کۆتا ئامادەکارییەکان و وەرگرتنی هەموو سەرنج و تێبینییەکان، پڕۆژەکە دەستبەجێ بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، كە ئەمەش دەبێتە وەرچەرخانێکی مۆدێرن لە سیستەمی گواستنەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستان.