دیاربەکر... بە ئامادەبوونی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد، پێشانگایەکی شێوەکاری کرایەوە
دیاربەکر...
بە ئامادەبوونی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد، پێشانگایەکی شێوەکاری کرایەوە
ئێوارەی سێشەممە 2026.5.12، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی" لە شاری دیاربەکر (ئامەد)، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ هەریەک لە ئایشە سێرا بوجاک کوچوک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر، پێشانگایەکی هونەریی شێوەکاری کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا کە ژمارەیەک لە کەسایەتییە کولتوورییەکان و هونەردۆستان ئامادەی بوون، چەندین تابلۆ و کاری هونەری نمایش کران کە گوزارشتیان لە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکرد.
ئامادەبوونی شاندی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەم چالاکییەدا، ئاماژەیە بۆ گرنگیدان بە پەیوەندییە کولتووری و هونەرییەکانی نێوان شارەکان و برەودان بە هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا.
جێی ئاماژەیە، ئەم پێشانگایە بەشێکە لە بەرنامەکانی کۆڕبەندەکە کە ئامانجی دروستکردنی پردی پەیوەندی و گفتوگۆیە لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا لەرێگەی هونەر و مەعریفەوە.