لە هەولێر.... پێنجەمین فیستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە بەردەم پارکی شانەدەر كرایەوە
لە هەولێر....
پێنجەمین فیستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە بەردەم پارکی شانەدەر كرایەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026.5.18، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و سەرۆکی لقی هەولێری هاوردە و ناردنکاران و بەڕێوەبەرانی چاودێری بازرگانی و پارک و باخچەکان و بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە خاوەنکار، بەرهەمهێنەران و هاووڵاتیان، پێنجەمین فیستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە بەردەم پارکی شانەدەر لە هەولێری پایتەخت کرایەوە.
پاش کردنەوەی پێشانگاکە، پارێزگاری هەولێر سەرجەم بەشەکانی فیستیڤاڵەکەی بەسەرکردەوە و وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی ئەم چالاکییە، هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرجەم خاوەنکارە بەشداربووەکان خواست و جەختی لەسەر ستراتیژی جێگیری پارێزگای هەولێر کردەوە بۆ پشتگیریکردنی جوتیاران، بووژاندنەوەی کەرتی ئابووری، و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتیان.
جێگەی باسە، ئەم فیستیڤاڵە کە جۆرەها کاری دەستی، خۆراکی سروشتی، و کەلوپەلی خۆماڵی تێدا نمایش کراوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.