پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەکات
پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.6.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە ژمارەیەك ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، كە پێكهاتبوون لە سەروان هەركی، جەوهەر نامق، پاكستان حەمەدئەمین، خۆشناو ئاقوبانی، ئەحمەد محمەد، بەختیار بێسەری، سەمیرە هیرانی.
لە دیداركەدا، كە هەریەك لە كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانی، مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەكان، برزۆ زیاد، بەڕێوەبەری خانووبەری میری ئامادەی بوون، تاوتوێی دۆخی گشتی و پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان كرا و، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر پلان و ستراتیژیی نوێی پارێزگا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەند و قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر و جەختیشی لەوەكردەوە کە هەمامەهەنگی نێوان دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێکردن فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ سەرخستنی پڕۆژەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان.
لای خۆیانەوە، ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشییان لە هەوڵە بەردەوامەکانی پارێزگار و تیمی پارێزگای هەولێر کرد بۆ بەدەمەوەچوونی داواکارییەکانی خەڵک و جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، هاوکات پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی یاسایی و ڕێنمایی و ڕێكارە بەركارەكان و هەموو ئەو پڕۆژانە دووپاتکردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنن.
لە کۆتاییشدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی ڕاوێژ و گۆڕینەوەی بیروڕا کردەوە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و خێراکردنی هەنگاوەکانی گەشەپێدان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.