پیرزین ..... بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی تێکەڵەڕێژکردنی شەقامەکانی گەڕەکی ئارس
پیرزین .....
بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی تێکەڵەڕێژکردنی شەقامەکانی گەڕەکی ئارس
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.6.22، لە درێژەی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرجەم ناوچە و گەڕەکە جیاوازەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، پڕۆژەی کردنەوە و تێکەڵەڕێژکردنی شەقامەکانی گەڕەکی ئارسی لە سنووری شارەوانی پیرزین بەسەرکردەوە.
ئەم پڕۆژەیە، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانەوە سەرپەرشتی و جێبەجێ دەکرێت، هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ناوچەکە، باشترکردنی ژێرخانی شەقامەکان، و پێشکەشکردنی شایستەترین خزمەتگوزاری بە دانیشتوانی گەڕەکەکە.
دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەكە، پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی پارێزگای هەولێر و حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە بۆ سەرجەم ناوچەکان بەبێ جیاوازیی، ڕوونیشیکردەوە کە چاککردنی ژێرخانی شەقامەکان تەنیا ئاسانکاری هاتووچۆ نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ گۆڕینی سیمای گشتی ناوچەکە و بنبڕکردنی گرفتی هاتووچۆی هاوڵاتییان، دووپاتیشی کردەوە کە پارێزگای هەولێر لە پەرەپێدانی پڕۆژەکان ناوەستێت و هەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار، تەندروست و ئارام بۆ دانیشتوانی سنووری پارێزگای هەولێر.