لە هەولێر ..... دووه‌مین كۆڕبه‌ندی داهاتووی خانوبه‌ره‌ به‌ڕێوه‌چوو

لە هەولێر ..... دووه‌مین كۆڕبه‌ندی داهاتووی خانوبه‌ره‌ به‌ڕێوه‌چوو

لە هەولێر .....
دووه‌مین كۆڕبه‌ندی داهاتووی خانوبه‌ره‌ به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2026.6.23، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كی بەرچاوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان و وه‌به‌رهێنه‌ران، دووه‌مین كۆڕبه‌ندی داهاتووی خانوبه‌ره‌ لە هەولێری پایتەخت به‌ڕێوه‌چوو.

لەكۆڕبەندەكادا، ئاماژه‌ بە كه‌رتی خانووبه‌ره‌ و نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێمی كوردستان بەگشتیی كرا زو جەخت لەوەكرایەوە كە بەردەوام لە به‌ره‌وپێشچوون دایە و قورساییەکی ئابووریی گرنگ و کارای دروستكردووە و بۆتە هۆکارێک بۆ جووڵانەوەی بازانەی ئابووری و کاریگەریەكی ڕاستەوخۆ و ئەرێنیشی بەسەر کۆمەڵێک کەرت و پیشەسازی و خزمەتگوزاری دیکەدا دروستكردووە، ئەوە بێجگە لە ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.

دووپاتیش لەوەكرایەوە، كە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر دیدگا و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی، بایەخی زۆری بە وەبەرەهێنان لەم کەرتەدا داوە و لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا و لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2006وە تاکو ئێستا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرە بریتیی بووە لە ( 270 ) پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە دەکاتە هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون بە بڕی زیاتر لە( 24 ملیار دۆلار ) و لەسەر ڕووبەری( 74 هەزار دۆنم ) زه‌وی جێبەجێ کراون، زۆرینەی پڕۆژەکانیش بە ڕێژەی لە 93% کە دەکاتە نزیەکەی ( 22 ملیار دۆلار ) لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییه‌وه‌ ئەنجام دراون و ( 11 ) پڕۆژەشیان بە سەرمایەی نزیکەی ( 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار ) لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییه‌وه‌ ئەنجام دراوە و لەنێویشدا هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی كوردستان و سەنتەری بازرگانی زۆرترین پشکی بەرکەوتووە كە بریتییە لە( 138 پڕۆژە ) بە بڕی ( 13 ملیار دۆلار ).

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی بۆ ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی کۆڕبەندەکە، ئاماژەی بە گرنگیی هەولێری پایتەخت کرد وەک چەقی ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا كرد و جەختی لەوە کردەوە کە پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت، بە ئامانجی جێبەجێکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی مۆدێرن کە لەگەڵ ستانداردی جیهانی و پاراستنی ژینگەدا بگونجێن، ڕوونیشی کردەوە کە ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ڕۆڵی کاریگەر دەبینن لە ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان و گەشەپێدانی زیاتری ئابووریی شارەکە.