پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا دەکات
پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا دەکات
ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.6.28، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازییان لە شاندێکی گرووپی دۆستایەتیی کەنەدی - کوردی لە پەرلەمانی کەنەدا کرد،کە پێکهاتبوو لە زیاد ئەبولەتیف، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا لە پارتی پارێزگاران، و ئەحمەد حوسێن، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی لیبڕاڵ و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان و وەزیری پێشووتری هەردوو وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و کۆچ و پەنابەرانی وڵاتەكە.
لە دیدارەكەدا، شاندی میوان ستایشی ئەو سەقامگیری، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەسەندن و ئاوەدانییە بەردەوامەیان کرد کە لە شاری هەولێردا بەدی دەکرێت و کورتەیەکیان لەسەر کار و چالاکییەکانی گرووپەکەیان لە پەرلەمانی وڵاتەكەیان خستەڕوو و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیانیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی کەنەدا ڕاگەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەشیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.
لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بە سەردانەکەیان، سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاری کەنەدای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشخستن و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەردوولا دووپات کردەوە و تیشکی خستەسەر پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژێرخانییەکانی شاری هەولێر و ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پاکبوونەوەی ژینگەی هەولێر و پڕۆژەکانی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای24کاتژمێری و چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی کەمئاوی کرد لە ڕێگەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو و چارەسەری لافاو لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو و پاراستنی شارەکە.
هەروەها جەختی لە خواستی پارێزگا کردەوە بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی کەنەدا لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ناوخۆیی و پڕۆژە هاوبەشەکان و هاندانی زیاتری کۆمپانیاکانیان بۆ وەبەرهێنان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.