بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی دەستەی ژینگە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ ڕێکخستنەوەی کارگە پیشەسازییەکان بەڕێوەچوو ئەمرۆ پێنجشەممە 2026،7.16، بە سەرپە
بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی دەستەی ژینگە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ ڕێکخستنەوەی کارگە پیشەسازییەکان بەڕێوەچوو
ئەمرۆ پێنجشەممە 2026،7.16، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و تایبەت بە پرسی ژینگە و ڕێکخستنەوەی ئەو کارگە پیشەسازیانەی لە دەرەوەی ناوچە پیشەسازییەکان دروستکراون، لە دیوانی پارێزگادا بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەرانی گشتیی (شارەوانییەکان، کشتوکاڵ، تەندروستی)، سەرۆكایەتی شارەوانی، و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی (گەشەپێدانی پیشەسازی، ژینگە، نەخشەدانانی ئاوەدانی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی، خانووبەرەی میری، کۆمپانیاکان، باج) و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا و تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، بریتی بوون لە ڕێکخستنەوەی کارگەكان و تاوتوێكردنی دۆخی یاسایی ئەو کارگانەی کە لە دەرەوەی ناوچە فەرمییەکانی پیشەسازی دامەزراون و کار دەکەن.
لەوبارەیەشەوە جەخت لەسەر زەروورەتی پابەندبوونی تەواوی خاوەن کارگەکان بە ڕێنماییە پیشەسازی و ژینگەییەکان کرایەوە و چەندین بڕیار و ڕێکاری نوێ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەم کێشەیە دران.
لەكۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی ژینگە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپارد کە بەپشت بەستن بە یاسا و ڕێکارە بەرکارەکان، دەستبەجێ دەست بکەن بە داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو و هاوچەرخ بۆ ڕێکخستنەوەی کار و پێگەی ئەم کارگانە، بە شێوازێک کە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ژینگەی هەولێری پایتەخت بپارێزرێت.