هەولێر .... بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دابەزاندنی نرخی بەنزین چووە واری جێبەجیكردنەوە
هەولێر ....
بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دابەزاندنی نرخی بەنزین چووە واری جێبەجیكردنەوە
پارێزگاری هەولێر:
" بەنزینخانەکان پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی جەنابی سەرۆکوەزیران "
ئەمڕۆ سێشەممە 2026.7.21، دوابەدوای فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێم و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكهشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر و لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین و ئەنجومەنی بەنزینخانەكان، بۆ بەدواچوون لە جێبەجیكردنی فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە دەبێت نرخی یەک لیتر بە نزینی نۆرماڵی حکومی "پاڵپشتی کراو" بە 750 دینار بێت و نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیش بە 850 دینار بێت، بەنزینخانەی شیمالی لەشاری هەولێر بەسەركردەوە.
دوای بەسەركردنەوەی بەنزینخانەكە و لەنزیكەوە گفتوگۆكردن لەگەڵ شوفێران، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای سەرهەڵدانی کێشەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی دەرکرد و هاووڵاتییانی خستە سەنتەری گرنگیپێدانەوە.
گوتیشی، بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت کە لیتری بە 750 دینارە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێت، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و پاڵاوگەکان پابەند کراون بەرهەمی پێویست دابین بکەن. ئاشكراشی كرد، لە شاری هەولێر 266 بەنزینخانە هەن، بەسوپاسەوە بەشی هەرە زۆریان پابەندی بڕیارەکە بوون و تابلۆی نرخەکانیان گۆڕیوە بۆ 850 دینار بۆ هەر لیترێکی بازرگانی.
سەبارەت بە ئەرکی لیژنەی چاودێریکردنی کوالێتی بەنزین بۆ چاودێریکردنی نرخەکانیش، جەختی لە بەردەوامی سەردانە مەیدانییەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ بەنزینخانەیەک سزا نادرێت ئەگەر پابەندی رێنماییەکان بێت، بەڵام هەر شوێنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە.
گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا حەوت بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتییەوە سزادراون و ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە، هەروەها روونیکردەوە دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و پارێزگارەکان میكانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکان تاوتوێ کراون و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی سووتەمەنییەکە زیاد دەکات، باسی لەوەش کرد، لە پلاندایە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە رێکبخرێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی زیاتر.