هەولێر …. دامەزراندنی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان

هەولێر …. دامەزراندنی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان

هەولێر ….
دامەزراندنی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4.11.2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگای هەولێر پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی مرۆیی (LDS)ی ئەمریکی کرد.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی بەرپرسی بەشی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە و بە ئامادەبوونی بەرپرسی پڕۆژەکانی بەشی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆبەخشی ڕێکخراوەکە پێكهاتبوون، كه‌ بە مەبەستی پەرەپێدان و فراوانکردنی چالاکییە مرۆییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی هەولێریان کردووه‌ .
لە دیدارەکەدا، مێژووی هاوکارییەکانی ڕێکخراوی (LDS) لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە ماوەی ١٢ ساڵە بەردەوامە، تاوتوێ کرا. لەم ماوەیەدا، ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، نزیکەی ١٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆیی، تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان خەرج کردووە.
پارێزگاری هەولێر، بە ئەرێنی هەڵسەنگاندنی هاوکارییە هاوبەشەکانیانی رێكخراوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد، بە تایبەتی لەسەر یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکە، كه‌ پڕۆژەی دامەزراندنی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر، هەڵوەستەی کرد.
ئەم پڕۆژەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دەروونی و جەستەیی و یارمەتیدانی گەنجان و کەسانی تووشبووی ئاڵوودەبوونە، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی زانستی و تەندروست جارێکی تر بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە.
لەو دیداره‌دا، ئاماژە بە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە و هەنگاوە یاساییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان کرا. پارێزگاری هەولێریش جەختی لە مەترسییەکانی ئەم دیاردەیە کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، پێویستی بە هاوکاریی هاوبەش، ڕێکارە کردارییەکان و چارەسەری زانستی هەیە و یەکێکە لەو بابەتانەی کە حکومەت بایەخی تایبەتی پێ دەدات.
هەر لە دیدارەکەدا، ڕۆڵ و گرنگیی کەشوهەوای پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاوئاهەنگیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەولێر و هەرێمی کوردستانیش باس کرا و ئەم ئەزموونە وەک نموونەیەکی گرنگی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ئاستی جیهاندا ئاماژەی پێ درا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی (LDS) و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە پارێزگای هەولێر، هەموو ئاسانکاری و پاڵپشتییە پێویستەکان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە مرۆیی و تەندروستییانە دابین دەکات؛ پڕۆژەگەلێک کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە هەولێر دەبێت.