هەولێر .. ڕۆژی جیھانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەرز ڕاگیرا

هەولێر .. ڕۆژی جیھانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەرز ڕاگیرا

سەرلەبەیانى پێنجشەممە 2021.12.2، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەرى گشتى گەشەپێدان و چاودێرى کۆمەڵایەتى و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتی تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە لەبەرپرسان، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى هەولێر بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر و لقى هەولێرى مانگى سورى عێراقی، بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێورەسمێکیان ئەنجامدا.
لەریورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا بەمبۆنەیەوە ڕایگەیاند: "ئێمە لەکاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە شانازى بەوەدەکەین کە حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەساڵانى ڕابردوودا و لە چوارچیوەى یاسای تایبەت، کەسانى خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێزلێگیرابوونە لەناو کۆمەڵگا و لەناو دام و دەزگاکانى حکومەت، بەمبۆنەیەشەوە بەناوى پارێزگاى هەولێر زۆر بەگەرمى دەستخۆشى لە بەرێوەبەرایەتى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەلایەتى و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا دەکەین بۆ ئەنجامدانى ئەو چالاکیە و هەروەها سوپاسى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و شێخ باز و لقى هەولێرى مانگى سورى عێراقیش دەکەین بۆ هەموو ئەو هاوکارى و یارمەتیانەى پێشکەشى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەتیان کردووە".
پارێزگارى هەولیر لەبارەى ژمارەى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و پێدانى مووچەى تایبەت وەک هاوکارى و دەستگیرۆیی لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆیان وتى: "تاوەکو ئێستا ئەوانەى تۆمارکراون ژمارەیان نزیکەى (42) هەزار کەسە و لەو ژمارەیەشدا (31) هەزار کەسیان سودمەند بوونە لە هاوکارییەکانى بەریوەبەرایەتى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەلایەتى هەولێر، (10650) کەسیان بەهۆى قەیرانى دارایی و بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە دواى ساڵى 2013وە بەداخەوە نەتوانراوە سودمەندبن لەو هاوکارییە، بەڵام بەتەئکید لەگەڵ چاکبوونى دۆخى دارایی ئەمە یەکێک دەبێت لەئەولەویەتى بەرنامەکانمان".
لەکۆتایشدا ویڕاى کردنەوەى پێشانگایەکى شیوەکارى و کارى دەستى، لەلایەن پارێزگارى هەولێر، خەڵاتى ڕێزلێنان بەسەر ئەو کەس و لایەنانە دابەشکرا کە ڕۆڵیان هەبووە لە خزمەتکردن و هاوکاریکردنى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت و هەروەها بە خەڵات و دیاریش ڕێز لەژمایەک لە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت نرا.