سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی پێگەیاندن

سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی پێگەیاندن

هەینى 2021.12.3، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەشداریى لە پرسەی چەند شەهیدێکی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش شەهید بوون، هەروەها سەردانى بنەماڵەى ئەو سێ شەهیدە قارەمانەى کرد کە دوێنێ شەو لە هێرشی تیرۆریستانی داعش شەهید بوون و پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێگەیاندن بەتایبەتی بە دایکی ئەو سێ شەهیدە کە جەنابی سەرۆک بارزانی بە شێرەژن ناوی برد.
لەوبارەیەشەوە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند: "پرسە و هاوخەمی خۆم بە کەسوکاری سەربڵندی شەهیدە قارەمانەکانی پێشمەرگە گەیاند کە گیانی خۆیان لە پێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بەخشی. خوای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت. شەهیدان شانازی گەلی کوردستانن و هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان درێغی ناکەین".
جێی باسە شه‌وی ڕابردوو چه‌كدارانی تیرۆرستی داعش پەلامارى گوندی خدر جیجه‌ له‌ بناری چیای قه‌ره‌چووغ له‌ میحوه‌ری مه‌خمووردا و به‌هۆیه‌وه‌ 13 كه‌س شه‌هیدبوون كه‌ 3 له‌ شه‌هیده‌كان هاووڵاتی خه‌ڵكی گوندی خدر جیجه‌ و برای یه‌كترن، له‌گه‌ڵ شه‌هیدبوونی 10 پێشمه‌رگه‌، هه‌روه‌ها 5 برینداریش هه‌ن.