سەرۆکی حکومەتی هەرێم: "هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارانی هێرشە تیرۆرستییەکەی شەوی ڕابردوو دەکەین"
هەینى 2021.12.3، مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له نەخۆشخانەی ئیمرجنسی هەولێر، سهردانى بریندارانى گوندی خدرجیجەى سنووری قەرەچووغ کرد كه شەوى ڕابردوو لە پەلاماری تیرۆرستانی داعش برینداربوون و ڕایگەیاند: "هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارانی دەکەین".
هەر لە میانەی سەردانەکەیدا سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە چارەسەرکردنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عیراق قسەمان کردووە بۆ پێکهێنانی لیوایەکی هاوبەش بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە ئەگەر بزانین حکومەتی عێراق وەکو پێویست هەنگاوی پێویست ناگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە لەو شوێنانە، ئەوا ئێمە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ناکەینە قوربانی هیچ شتێک و قوربانی بە خەڵکی خۆمان نادەین، هەروەها ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر.
سەبارەت بە هاوپەیمانانیش سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: "هاوپەیمانان لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆرستانی داعش هاوکارییان کردووین، داوا دەکەین ئەو پێداویستییانەی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیانە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆرستان دابین بکرێت کە بەداخەوە ڕێگری لەبەدەستگەیشتنی ئەو هاوکارییانە دەکرێت".
وتیشی: "ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و هاوپەیمانان قسەمان کردووە لەسەر ئاستی وەزارەتی پێشمەرگەش لەگەڵ ئاستی وەزارەتی بەرگری عێراق چەندین کۆبوونەوەمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە ناوچە جێناکۆکەکان بوونیان هەیە، هیوادارین کۆبوونەوەکانمان تەنها بۆ کۆبوونەوە نەبێت، بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بێت".