پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022، کە (122) پڕۆژەیە بە گوژمەى (60) ملیار دینار پەسند کرا

پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022، کە (122) پڕۆژەیە بە گوژمەى (60) ملیار دینار پەسند کرا

ئێوارەى رۆژی سێشەمە 2021.12.14، بەمەبەستی خستنە ڕوو و پەسندکردنى پلان و بەرنامەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 و پتر خزمەتکردنى هاوڵاتیان، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى ئەندازیار عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرى گشتیى ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەى هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەست خۆشى لەلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى پەرەپیدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2021، تەئکیدى لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ دەستکردن بە پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 کردەوە، پاشان هەموو ئاسانکارییەک و هاوکاری و پاڵپشتییەکى پارێزگاى بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نیشاندا و جەختیشى لەوەکردەوە کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵى 2021، لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆربەى ئەو شوێنانەی پێویستى کردووە لە گەڕەکە هەژارنشینەکان و کۆمەڵگا و ناحییە و قەزا و گوندەکان بەشێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەی شار پلان داڕێژراوە و دەست بە ئەنجامدانى پڕۆژەکان کراوە، بۆساڵى ئایندەش 2022 بەهەمان شێوە له‌پلان و بەرنامەى ئامادەکراو لەو شوێنانه‌وه‌ ده‌ست بە پڕۆژه‌ و كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان دەکەین كه‌ كه‌مترین ده‌ستى خزمه‌تگوزارییان پێگه‌یشتووه‌ یان له‌ڕابردوودا نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌تیان بكرێت و دیقەتیشمان زیاتر لەسەر ڕیگاوبان دەبێت و بەشێوەیەکى یەکسان لەسەنتەرى شار و سەرجەم قەزا و ناحییە و گوندەکان پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەین.
دوای گفتوگۆ لەلایەن ئامادەبووان لەبارەى بڕی بودجەی تەرخانکرا و و زەرورەتى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزرایانەى کە پێویستن، کۆبوونەوە بڕیارى لەسەر پەسندکردنى پلانى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 دا، کە (122) پڕۆژەیە و بە گوژمەى (60) ملیار دینار لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر جێبەجێ دەکرێت.