لەسەر قەڵای هەولێرى پایتەخت، ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز ڕاگیرا

لەسەر قەڵای هەولێرى پایتەخت، ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز ڕاگیرا



پێنج شەممە 2021.12.16 لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی هەریەک لە ئەحمەد کانى، بەرپرسى لقی دووی پارتى دیموکراتى کوردستان و ڕێبوار ئیسماعیل، بەرپرسى مەڵبەندى سێى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و نوێنەرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و بنەماڵەى شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدی ئاڵا مامۆستا ئیبراهیم سەباح و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر و یاریدەری پارێزگار و قایمقامی ناوەند و بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر و بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و دام و دەزگا حکومیەکانى هەولێر و نوێنەرانى حزب و لایەنە سیاسیەکان و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسان و جەماوەڕێکى زۆر، لەسەر قەڵای مێژووى هەولێرى پایتەخت، ڕێکخراوى ستان بە پاڵپشتى پارێزگاى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانى بەرز ڕاگرت.

لەدەسپێکی ڕێوڕەسمەکەدا دوای گوتنى سرودى ئەى ڕەقیب لەلایەن پۆلێک لەقوتابیان و تیپى چالاکى قوتابخانەکانى پەروەردەیی ناوەندى هەولێر و ساتیک وەستان بۆگیانى پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دەستی تیرۆریستانی داعش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و بەرپرسى لقی دووی پارتى و بەرپرسى مەڵبەندى سێى یەکێتى و نوێنەرى بزوتنەوەى گۆڕان و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر هەڵکرا، پاشان پارێزگارى هەولێر وێڕایی پیرۆزبایی لەهەموو کوردستانیان و هاوشارییانی شاری هەولێر بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان ڕایگەیاند: ''پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و بناماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و تێکۆشەران دەکەین کە بە هەر جۆرێک بێت بوونەتە هۆکاری مانەوەی بەرزیی ئاڵای کوردستان، سڵاویش بۆ ڕووحی شەهیدان دەنێرین کە بە خوێنی ئەوان کوردستان لە ئازادیدا دەژی، ئومێدی زۆریش هەیە بە تەواوی مافەکانی خۆمان بگەین.''

وتیشى ''ڕۆژی ئاڵا با بکەینە ڕۆژی برایەتی و پێکەوەکارکردنی هێز و لایەنە سیاسیەکان، بۆ بەهێزبوونەوەی کورد لە بەغداد، بەتایبەت ئێستا نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حکوومەتی عیراق، داوای خەڵکی کوردستانیش لەدوای هەڵبژاردن لەپێناو بەهێزیی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجەکان و ئەو پێشێلکارییانەی لەڕووی دەستوور و یاساوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، هێز و لایەنەکان یەکگوتار و یەکڕیز بن.''

جێگەى باسە، پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند و بە بڕیاری ژمارە 48 لە 19/6/2004 بڕیاری داوە ڕۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ئاڵا دیاری بکات و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان ئاڵا نوێ بکرێتەوە و بۆنەی تایبەتی بۆ ساز بکرێت. ساڵانەش لەم ڕۆژەدا وەك ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ئەو یادە دەكرێتەوە، چەندان بۆنە و یادكردنەوە و ڕێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵیش لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان ئەم یادە بەرز ڕاگیرا.