لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر دەستبەکار بوو
یەکشەممە 19/12/2021، دوای دەرچوونی فەرمان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ''لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر'' بەسەرۆکایەتی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، دەستبەکار بوو و یەکەم شوێن سەردانی ناحیەی قوشتەپەیان کرد و پاشان هەموو ئەو شوێنانەی کە پێویستەکرد بە چاو ببیندرێن و لێکۆڵینەوە لەبارەوە بکرێت بەسەر کردەوە، لەوانەش (دارەتوو ، رۆشنبیری ، گردجوتیار ، گەنجان ستی).
لەوبارەیەشەوە هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لێژنەکە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لیژنەکە لە هەموو ئەو شوێنانە دەکۆڵێتەوە کە ڕێرەو و سەرچاوەی هاتنی ئاوە بۆ ناو کۆمەڵگاکان و گەڕەکەکان، بۆ ئەوە بزانێت هۆکارەکەی چییە و بۆچی ڕێڕەوی ئاوە سروشتییەکە گیراوە".
سەبارەت بە ڕێژەی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەرەرمەندیش بوونە، وتی: "لیژنەی دیکە هەیە بۆ بەراوردکردن و نووسینی زەرەر و زیانەکان. تا ئێستا بەوردی ڕێژەی زیانەکان دیار نەکراوە، بەڵام ڕێژەکە گەلێک زۆرە و قوشتەپە لەو شوێنانەیە کە زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە هەم لە ڕووی گیانی و هەم لە ڕووی ماددییەوە". جەختی لەوەش کردەوە کە لێپیچینەوە لە هەموو ئەو هۆکارانە دەکرێت کە بۆتە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە خەڵک.
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر وتیشی: ''ئێمە و هەموو لیژنە تایبەتمەندەکان سەرنج و تێبینیمان لەسەر چەند شوێنێک هەیە و تەئکید لە هەموویان دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن مۆڵەتیان پێ دراوە، ئاخۆ مۆڵەتی فەرمییان هەیە؟ یان بە شێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون، کە هەمووی ئەوانە دواتر بڕیاریان لێ دەدرێت''.
جێگری پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: ''تا ئێستا ١٢ کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان سپاردووە کە تەرمی دوو کەسیان تا ئێستا نەدۆزراونەوە و لەلایەن بەرگریی شارستانی و تیمی غەواسەوە بەردەوامین لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەوانەدا کە دیار نین''.
سەبارەت بە ئەگەری هەستانەوەی لافاو بۆ جارێکی تر کە بەپێی پێشبینییەکان بۆ ڕۆژی دووشەممە شەپۆلێکی دیکەی بارانی بەخوڕ بەڕێوەیە، هێمن قادر گوتی: ''هەموو ئاماداکارییەکی پێویست لەلایەن بەرگریی شارستانی و شارەوانی و ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و تەندروستیی قەزا و ناحیەکانەوە کراوە و بەڕێوەبەرانی قەزا و ناحیەکان هەموویان لە ئامادەباشیدا دەبن''.
سەبارەت بەو کۆمەڵگایانەی کە دەگوترێت بەربەستیان لەسەر ڕێڕەوی ئاو و ئاوەڕۆکان دروست کردووە و هۆکارن بۆ هەستانی لافاو، جێگری پارێزگاری هەولێر وتی: کاری لیژنەکە ئەوەیە کە لە هەمووی ئەوانە بکۆڵێتەوە و دواتر هەمووی ڕوون دەبێتەوە.