هەولێر .. بۆ ڕووبەرووبوونەوە و بەرگرتن لە مەترسیەکانى لافاو، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان خرانە حاڵەتى ئامادەباشییەوە
دواى نیوەڕۆى رۆژی دووشەممە 2021.12.20، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولیر و ئامادەبوونى عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەبارەت بە ڕووبەرووبوونەوە و بەرگرتن لە مەترسیەکانى لافاو، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد، وەک ئامادەباشى بۆ قۆناغى دووەمى کاریگەریى ئەو شەپۆلەى ڕووى لە ناوچەکەمان کردووە و وا پێشبینى دەکرێت له كاتهكانى ئێوارەى رۆژی دووشهممه، بارانبارین دەست پێدەکاتەوە و لە کاتەکانى شەودا بارانبارین زیاتر بێت و هەندێك جار لێزمە باران ببارێت تاوەکو ڕۆژى پێنجشهممه، هەرچى زووە و پەلەبکەن لە گرتنەبەرى هەموو ڕێوشوێنێکى پێویست بۆ بەرگرتن و ڕووبەڕوو بوونەوەى مەترسیەکانى لافاو، لەدواى کۆبوونەوەش لە هەموو ئەو شوینانەى کە مەترسى دروستبوونى لافاویان لەسەرە تیمەکان و ئامێرى پێویست دابینکرا و تەواوى هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتوچۆ و بەرگرى شارسانى) و (قائیمقامیەتەکان و ناحییە و تەندروستى و شارەوانیەکان و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا) و تەواوى فەرمانگاکان بکەونە حاڵەتى ئامادەباشى تەواو بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکى نەخوازاروو و پاراستنى سەرو ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و دەوامى شەوانە بڕیارى لێبدرێت.
لەتەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى چەند ڕۆژەى ڕابردووى تیمەکان کرا لە بەهانەوەچوون و یارمەتیدان و پاککردنەوەى ئەو شوێنانەى بەهۆى لافاوەکەى ڕۆژى هەینى رابردوو دووچارى زەرە و زیان هاتن، پارێزگاری ههولێر دەستخۆشى لە سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کرد هەر لەسەرتایی ڕووداوەکەدا دەستى هاوکارى و یارمەتیان بۆ لێقەوماو و زیانلێکەوتووان درێژکرد و بهشداریبوون له بههاناوهچوونی خهڵكی لێقهوماو و ههرچی پێویست بوو بۆ هاوكاریكردنیان درێغییان نهكرد.