لەهەولێر بۆ سەرى ساڵى تازە و كریسمس و پێشوازى لە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیاران پلانێکى ئەمنى دانرا

لەهەولێر بۆ سەرى ساڵى تازە و كریسمس و پێشوازى لە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیاران پلانێکى ئەمنى دانرا



نپێنجشەممە 2021.12.23، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، بۆ ڕێورەسمى كریسمس و سەری ساڵی تازەوە کە ژمارەیەکى زۆر گەشتیار ڕوویان لە هەولێر پایتەخت کردووە، بەمەبەستى پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نایاسایی، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى ناحییەى عەنکاوا و بەڕێوەبەرى گشتیى گەشت و گوزار و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و هەریەک لە بەڕێوەبەرانى (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسى هاتووچۆ، زێرەڤانى، بەرگرى شارستانى) و چەند لایەنێکى ترى پەیوەندیدار ئامادەی بوون، تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییان ڕووى تێدەکەن ئەرکیان بەسەردا دابەشکرا، پلانەکەش تا 2ی 1ی 2022 درێژە دەكێشێت.

لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، ویڕای دەستخۆشی لەهێزە ئەمنیەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، دڵنیایى هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەخت دەکاتەوە، کە بەهەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ سەروماڵیان پارێزراوە و داواش لەهاوڵاتییان دەکات هاوکاریان بن.