پارێزگاری هەولێر، سەردانی پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە)ی کرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانی پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە)ی کرد

یەکشەمە 2021.12.26، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندێکی یاوەری لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە)ی کرد و لەلایەن محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) بەگەرمی پێشوازی لێکرا.

لەدیدارەکەدا کە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ناوچەکە ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری، تەئکیدی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی جممجۆڵی بازرگانی لەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی لەوبارەیەوە نیشاندا.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، لەلایەن پارێزگاری هەولێر دیاری پارێزگای هەولێر پێشکەش بە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) کرا و بەڕێز ئومێد خۆشناو بەفەرمی بانگهێشتی بەڕێزیانیکرد کەسەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.