پارێزگاری هەولێر، لە شاری ئورمیە کارگەی پیشەسازی شیرەمەنی (پگاە)ی بەسەرکردەوە

پارێزگاری هەولێر، لە شاری ئورمیە کارگەی پیشەسازی شیرەمەنی (پگاە)ی بەسەرکردەوە

لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکار و بەرهەمە پیشەسازییەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2021.12.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیلامی ئێران لەهەولێر و نادر سادقی، جێگری پارێزگاری ئورمیە بۆ کاروباری بازگانی و شاندی پارێزگای هەولێر، کارگەی پیشەسازی شیرەمەنی (پگاە)ی لە شاری ئورمیە بەسەرکردەوە کە یەکێکە لەو کارگە گەورانەی زۆرترین بەرهەمە خۆراکییەکانی هاوردەی هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان دەکات.

پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی سەردانی یەکە یەکەی بەشەکان و سەرجەم هێڵەکانی بەرهەمهێنانی بەروبوومی کارگەکەی کرد، لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەستەی کارگێڕی و ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری کارگەکە، گفتۆگۆی لەبارەی چۆنیەتی کارکردن و جۆر و ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە و بە بازاڕکردنی جۆرەکانی کاڵاکان و شێواز و چۆنیەتی کارکردنی کارگەکە کرا، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕایی دەست خۆشی لەبەڕێوەبردنی کارەکان، ئاماژەی بەوەدا وەک پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان دەرگامان بەڕووی هەموو کۆمپانیا و خاوەنکار و سەرمایەگوزرێک کرایەوە بۆئەوەی وەبەرهێنان لەشارەکەمان ئەنجامبدەن، لەوچوارچێوەیەشدا ئامادەی هەموو ئاسانکاری و هاریکارییەکیان پێشکەش بکەین.