پارێزگاری هەولێر، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئورمیەى كرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئورمیەى كرد



ئەمڕۆ دووشەممە 2021.12.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین، بەیاوەرى شاندى یاوەرى و بە ئامادەبوونى نادر سادقی، جێگری پارێزگاری ئورمیە بۆ کاروباری بازگانی، سەردانى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی ئورمیەى کرد و لەلایەن حەسەن ئینتزار، سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی ئورمیە و ده‌سته‌ى كاگێرى و بەشێک لە ئه‌ندامانى ژوور بەگەرمى پێشوازى لێکرا.

له‌دیدارەکەدا، پارێزگارى هه‌ولێر، تیشكی خسته‌سه‌ر ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنى ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان لەنێوان هەردولادا، لەوبارەیەشەوە تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە و ڕایگەیاند: " وه‌كو پارێزگای هەولێر، هەموو هەولێکی خۆمان خشتۆته‌گه‌ڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازیی لەشارەکەمان و ئاماده‌ین هەموو ئاسانکارییەکی یاسای و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانانى كۆمارى ئیسلامى ئێران و وڵاتانى دیکەش بکەین تاوەکو ڕۆڵ و کاریگەریان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و په‌ره‌پێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لەهەولێرى پایتەخت".

لەلایەن خۆیەوە حەسەن ئینتزار، سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی ئورمیە وێڕاى خۆشحاڵى خۆى بەسەر دانەکەى بەرێز پارێزگارى هەولێر، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێکى خۆیان دەخەنەگەڕ لە پێناو پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازى و بازرگانیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ پێشخستی زیاترى بازرگانى و پیشەسازی نێوان هەردولا.

لەکۆتایشدا لەلایەن بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر دیارى پارێزگا کەبریتى بوو لە قەڵا و منارى هەولێر پێشکەش بە بەڕێزان نادر سادقی، جێگری پارێزگاری ئورمیە بۆ کاروباری بازگانی و حەسەن ئینتزار، سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی ئورمیە کرا و لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی ئورمیە، دیارى ژوورى پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرد.