پارێزگاری هەولێر، سەردانی فەرمانداری مهابادی کرد

پارێزگاری هەولێر، سەردانی فەرمانداری مهابادی کرد

سەرلەبەیانی سێشەمە 2021.12.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندێکی یاوەری لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی فەرمانداری مهابادی کرد و لەلایەن د.عارف خدرلو، فەرمانداری مهاباد بەگەرمی پێشوازی لێکرا.

لەدیدارەکەدا کە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و سەرۆکی شارەداری مهاباد و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسانی ناوچەکە ئامادەی بوون، فەرمانداری مهاباد بەشێوەیەکی گشتی باسی لە مێژووی شاری مهاباد و ناوچە لەڕووی کەللتووری و هونەری و ڕۆشنبیری و گەشتیاریییەوە کرد، هەروەها تیشکی خستەسەر پرسی پیشەسازی و ئابووری و بازرگانی ناوچەکە.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر وێڕای ئەوەی جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و گەشتیاری کردەوە، داوای ئەوەشی کرد هەروەک چۆن لەزانکۆی هەولێری پایتەخت و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشی زمانی فارسی هەیە، لەزانکۆکانی ئورمیە و مهابادیش بەشی زمانی کوردی بکرێتەوە.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دیاری پارێزگای هەولێر پێشکەش بە بەڕێز نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و فەرمانداری مهاباد و سەرۆکی شارەداری مهاباد کرا و لەلایەن فەرمانداری مهابادیشەوە دیاری فەرمانداریەت پێشکەش بە پارێزگاری هەولێر کرا.
.