پارێزگاری هەولێر: "تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیار دینار هاوکاریی سەرەتایی بە خەڵکە زیانلێکەتووەکانی لافاوی دووەمی هەولێر گەیشتووە"

پارێزگاری هەولێر:


چوارشەممە 2021.12.29 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە رۆژى 2021.10.30 لافاو لە گوندى کۆری و شاری زێڕین و گردجووتیار و تەقتەقى داوە و بەو هۆیەوە 826 خێزان ناوماڵ و کەلوپەل و خانووەکانیان تێکچووە و 313 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە، ئەوە جگە لە تێکچوون و زیان گەیشتن بە موڵکى میری و شوێنە گشتییەکان و چارەسەرکردنى ڕێڕەوى ئاو. بەپێی خەمڵاندنەکان زیانی پێنج ملیار و 853 ملیۆن دینار بووە، ئەو پارەشی بۆ قەرەبووی ئەو زیانلێکەتووانە کۆکراوەتەوە چوار ملیار و 460 ملیۆن دینار بووە و ئەوەی دیکەشی کە ملیارێک و 393 ملیۆن دینارە بوو لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە ئەمڕۆ دوایین رۆژی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانی لافاوەکەیە".

پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: "بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی کە کۆکراوەتەوە بەمشێوەیە بووە: "سێ ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراق، 500 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکایەتیی دیوانی وەزارەت، 220 ملیۆن دینار لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی ، شێخ باز 450 ملیۆن دینار، دەزگای خێرخوازیی نانەکەلی 100 ملیۆن دینار، گرووپی کۆمپانیاکانی جیهان 100 ملیۆن دینار".

سەبارەت بە لافاوی دووەمی شاری هەولێریش پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند"لە لافاوى دووەمى هەولێر، کە رۆژى 2021.12.17 لافاو لە 15 شوێنى پارێزگاى هەولێری داوە، کە بەو هۆیەوە سێ هەزار و 276 فۆرم لەلایەن زیانلێکەوتوانى ئەو لافاوەوە پڕکراونەتەوە، کە دوو هەزار و 717 خانوو ناوماڵیان نەماوە و هەزار و 26 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە و 375 خانووش دیوار و دەرگایان تێکچووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیار دینار هاوکاریی سەرەتایی بە خەڵکە زیانلێکەتووەکانی لافاوی دووەمی هەولێر گەیشتووە، وەکو نەوت و چەند کەلوپەلێکی ناو ماڵ کە ئەوانە وەکو قەرەبوو هەژمار ناکرێن و تەنیا هاوکاریی سەرتایین".

پارێزگاری هەولێریش وتیشی، هاوکارییە سەرەتاییەکان لەلایەن ناوەندی قەیرانەکان، کەمپەینی ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکان، دەزگای روانگە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی پارێزگای هەولێر، قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە 20 بۆ 21 ملیار دینارە.

جێگەی باسە، ئەمساڵ لە هەولێر دووجار لافاو دروستبوو کە لە رۆژانی 30-10 و 17-12، ئەمڕۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی 30-10-2021 بەکۆتاهات.