پەیامى پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى ساڵى نوێ

پەیامى پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى ساڵى نوێ



بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەرى ساڵى نوێ، پیرۆزبایی لە خەڵكی هەولێری پایتەخت و تەواوى خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە ساڵى دەستپێكی قۆناغێكی نوێ و باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بێت.

لێرەوە بە پێویستی دەزانم، جارێکى تر سەرخۆشى خۆم ئاڕاستەى شەهیدانى هێرش و پەلامارە تیرۆرستییەکانى ئەم دواییەى داعش و قوربانیانى لافاوەکەى هەولێر بکەم، هەروەها سوپاسی پارێزگاکانى ترى هەرێم و ئیدارەى سەربەخۆکان و رێکخراوە خێرخوازى و کەسایەتییەکانى شار و شارۆچکەکانى کوردستان بکەم کە لەکاتى هەر دوو ڕووداووى کارەساتبارى بەسەر شارەکەمانداهات بەهۆى لافاوەوە، لە بەهانەوەچوون و یارمەتیدانى لێقەومان لەگەڵ هەولێر بوون و درێغییان نەکرد، هەڵوێستیان پەیامێکى نیشتیمانى گەورە و ماییەى شانازییەو لەلاى ئێمە لەبیرنەکراوە.

ئەگەرچی ساڵی 2021، ساڵێکی پڕ زەحمەت و سەخت بوو لەلایەک بەهۆی تەشەنکردنى ڤایرۆسی نوێى کۆرۆنا و لەدەستدانی ئازیزان، لەلایەکى دیکەوە بەهۆى ئەو ڕووداوە کارەساتبارە سروشتیانەى بەسەر شارەکەماندا هات، بەڵام لەهەمانکاتدا ساڵێکى پڕ لەدەستکەوت بوو لە گەیاندنى خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى هاوڵاتییان، دڵنیایی دەدەینە هاوشاریان و هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان، هەروەک چۆن لە 2021 لەو ساڵە پڕ زەحمەت و قەیرانە دارییەدا توانیمان خزمەتیان بکەین و دەستی خزمەتگوزاریی لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بگەێنین بە زۆر شوێن، بەهەمان شێوە هەموو هەوڵى خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لە ساڵی نوێدا بگرە زیاتر بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەکى یەکسان لە سەنتەرى شار و هەموو گوند و ناحییە و قەزاکانى سنوورى پارێزگاکەمان بە تایبەتى لەگەڕەک و شوێنە هەژارنشینەکان و ئەو شوێنانەى کەمترین دەستى خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە خزمەتکاری هاوڵاتییانى خۆمان بین، دڵنیابن بەردوام دەبین و بەشەو و ڕۆژ ناوەستین، هەرچی لە تواناماندابێت و بۆمان بکرێت لەخزمەتکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی و پاراستنى ئارامى پایتەخت و سەروماڵی هاولاتییان و هاوشاریانمان درێغى ناکەین.

جارێکی دیکە ساڵی نوێتان پیرۆزبێت و بەئومێدى ئەوەى ساڵی نوێ، ساڵی ئارامى و خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك و ساڵی خێر و بەرەکەت بێت.

دووربن لەناخۆشی و نەخۆشی

ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2021.12.31