بەئامادەبوونى وەزیرى پەروەردە و پارێزگارى هەولێر، لە پیرزین قوتابخانەى سەهەندی بنەڕەتی تێکەڵاو کرایەوە

بەئامادەبوونى وەزیرى پەروەردە و پارێزگارى هەولێر، لە پیرزین قوتابخانەى سەهەندی بنەڕەتی تێکەڵاو کرایەوە

سەرلەبەیانى پێنجشەمە 2022.2.10، بەئامادەبوونى، ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا قوتابخانەی 18 پۆلی سەهەندی بنەڕەتی لە گەڕەکی ئاراسی شارۆچکەی پیرزین کرایەوە کە بەگوژمەى ملیارێک و هەشت سەد و چل و یەک ملیۆن دینار لەسەر بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دروستکراوە.
لەڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردە و بەڕێوەبەرى پەروەردەى دەوروبەر و ژمارەیەکى دیکە لە سەرپەرشتیارانى پەروەردەیی و مامۆستایان ئامادەى بوون، دواى بەسەرکردنەوەى بەشێک لە هۆڵەکانى خوێندنى قوتابخانەکە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبای لەخەڵک و دانیشتوانى شارۆچکەى پیرزین، ئاماژەى بەوەدا کە کردنەوەى ئەم قوتابخانەیە لەو ناوچه‌یه‌دا که‌ شایستە و شایەنى ئەوەن خزمەتى زیاتریان پێشکەش بکرێت هەنگاوێکى ترى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە ئاڕاستەى پەرەپێدانى زیاتر بەکەرتى پەروردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان، هەروەها سوپاسى وەزیرى پەروەردە و وەزارەتى پەروەردە کرد کە ڕۆڵى کارایان هەبوو لە تەواوکردنى ئەم قوتابخانەیە و چەند قوتابخانەیەکى تر لەسنوورى پارێزگاى هەولێر و ڕایگەیاند: "ئومێد دەکەین پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە بە هەوڵ و کۆششى مامۆستایانى بەڕێز سەرکەوتنى زیاتر و دەرەنجام و دەستکەوتى بەرزى زانست پتر بۆ قوتابیان و خوێندکاران بەدەستبهێنێ".