لەژێرچاودێرى وەزیرى پەروەردە و ئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، چوارەمین پێشانگاى پەروەردەى پیشەییەکان کرایەوە
شەوی دووشەممە 2022.4.18، لەژێرچاودێرى ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەو ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا چوارەمین پێشنگاى پەروەردەى پیشەییەکان لەسەر ئاستى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پارێزگاکان لەهۆڵى کۆمەڵگاى فاخیر مێرگەسۆرى کرایەوە.
لەرێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى و فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بریکارى وەزارەتى پەروەردە و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى پەروەردە ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لە گوتارێکدا وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان و بەشداربووانى پێشانگاکە لە سەرجەم پارێزگاکانى هەرێم، ڕایگەیاند: لەچوارچێوەى بەرنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سێکتەرى پەروەردە بەگشتى و لەنێویشدا پەروەردەى پیشەیى گرنگیەکى تایبەتى هەیە، لەئێستاشدا لەسەرتاى هەنگاوى گەورەدایە بەئامانجی ئەوەى لەساڵانى داهاتوودا پەروەردەى پیشەییەوە بەرەوپێشوەچوونى زۆر بەخۆیەوە ببینێ، بەخۆشحاڵییەوە لە پلان و بەرنامەکانى وەزارەتى پەروەردە و بەڕێز وەزیرى پەروەردەوەشدا تەئکید لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە ساڵى داهاتوو ساڵى پەرەپێدانى پەروەردەى پیشەیی دەبێت، ئێمەش وەکو پارێزگاى هەولێر، دڵنیایی دەدەین وەکو یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان بەشێک دەبین لەجێبەجێکردنى ئەو پلانە و هێنانەدى ئەو ئامانجەى وەزارەتى پەروەردە".