پارێزگاری هەولێر: حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەولێر

پارێزگاری هەولێر: حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەولێر

"حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هەولێر و دەبێت بە زووترین کات ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕ بکرێنەوە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن و تیرۆریستان لەو رێگەیەوە هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئەو هێرشەی ئەمشەو کە لە رێگەی مووشەکەوە کرایە سەر دەوروبەری قەزای خەبات رایگەیاند: "نزیک بە کاتژمێر (8:30) خولەک لە سنووری ناحیەی بەرتلە شەش مووشەک ئاراستەی سنووری قەزای خەبات کرا کە بەخۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانی و دارایی نەبووە، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە بە زووترین کات حکوومەتی عێراق بە هەماهەگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کردار هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەولێر و بەغدا، چونکە ئەوە سەلمێندراوە کە تیرۆریستان سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق وەردەگرن بۆ کردارە تیرۆریستییەکانیان".
گوتیشی: "دڵنیایی بە خەڵکی سنووری قەزای خەبات و تێکڕای هەولێری پایتەخت دەدەین کە دۆخەکە ئارامە و بە هیچ شێوەیەک تیرۆریستان ناتوانن زەفەر بە هەرێمی کوردستان ببەن بە چاوکراوەیی و هەوڵ و ماندووبوونی هێزە ئەمنییەکان".
جەختیشی کردەوە"حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە لەو جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان چونکە دەبێت هەرچی زووە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە و لەوێوە هێرشەکان ئەنجام دەدرێن"
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاشکراشی کرد کە زانیارییان هەیە لە شوێنی تەقاندنی مووشەکەکان، یەکێک لە مووشەکەکان تەقیوەتەوە، راشیگەیاند: "ئەگەر حکوومەتی عێراق نیازی هەبێت سەرچاوەی ئەو هێرشانە بدۆزێتەوە ئەوە بەڵگەیەکی زۆر گەورەیە و بە ئاسانی دەردەکەوێت".