بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، قوتابخانەیەک لەگوندی پیڕەش کرایەوە

بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، قوتابخانەیەک لەگوندی پیڕەش کرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2022.7.26، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د.عومەر ئەلکندەری، کونسڵی گشتی وڵاتی کویت و نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق، لەڕێورەسمێکدا قوتابخانەی کوێتی دووەم لەگوندی پیڕەش دوای نۆژەنکردنەوەی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی کرایەوە کە پێشوتر ئەم قوتابخانەیە بەهۆی ئاگر کەوتنەوە سوتابوو و بەهەماهەنگی دەوڵەتی کوێت دووبارە دروستکرایەوە.
لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر لەگوتارێکدا، وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی لە قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی ناوبرا و دانیشوانی ناوچە کرد بەبۆنەی کردنەوەی قوتابخانەکە، سوپاسی کونسڵخانە و کونسڵی وڵاتی کویت کرد لەبەرامبەر ئەوکارە مرۆیی و خزمەتگوزاریانەی لەماوەی ڕابردوودا بەهەماهەنگی پارێزگای هەولێر پێشکەشیان کردووە، هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بۆ دروستکردنەوەی ئەم قوتابخانەیە کە بەشێکی زۆر لەمنداڵانی ئاوارە و لێقەوماوان سودی لێوەردەگرن.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی ئەم قوتابخانەیە بەدڵنیاییەوە بەشێکی گرنگ دەبێت لەپێشکەشکردن و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەروەردە و خزمەتکردنی ئەو ئازیزانەی تێیدا دەخوێنن، ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر بەشانازییەوە لەخزمەتیان دەبین".
لەکۆتایشدا، پەرێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "جارێکی دیکە سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ بەڕێز د.عومەر ئەلکندەری، کونسڵی گشتی وڵاتی کویت کە لەدوا ڕۆژەکانی کارەکانیەتی لەهەرێمی کوردستان، بۆ هەموو ئەوکارانەی لەگەڵ ئێمە وەکو پارێزگا و دەزگاخێرخوازییەکان، بەتایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەنجامیداوە. پێرۆزبای پۆستی نوێی لێدەکەین و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ دەخوازین".