هه‌ولێر، پێشوازى لە كۆنسولی گشتی ئیمارات لەهەولێر كرد

 هه‌ولێر، پێشوازى لە كۆنسولی گشتی ئیمارات لەهەولێر كرد

پارێزگاری

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.8.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی له‌ ئه‌حمه‌د ئه‌لزاهر، كۆنسولی گشتی ئیمارات لەهەولێر كرد.

لەدیدارەکەدا، وێڕاى ئەوەى هەردولا جەختیان لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان کردەوە، پارێزگارى هەولێر ڕۆلی کونسڵخانە و بەڕێز کونسڵ و حكومه‌تی ئیمارات و مانگى سوورى ئیماراتى له‌هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ هه‌رێمى كوردستان و پارێزگای هەولێر بەرز نرخاند، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كاره‌ مرۆییه‌كان و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ه‌كان پێشه‌نگ بوونە.

لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى ئەو کار و پڕۆژانە کرا کە مانگى سوورى ئیماراتى لە بەرنامە و پلانی دایە لەم نزیکانە لە هەولێر پایتەخت به‌ هەماهەنگى پارێزگاى هەولێر جێبەجێیان بکات، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ئامادەیی هەموو ئاسانکارى و هەماهەنگى و هاوکارییەکى نیشاندا و ڕایگەیاند: "هەرچى لەتواناى ئێمەدابێت بۆ سەرکەوتنى بەرنامە و پلان و پڕۆژەکانتان، وەکو پارێزگاى هەولێر ئامادەین پێشکەشتان بکەین".

لەکۆتایدا، کونسڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، سوپاسى پارێزگارى هه‌ولێرى كرد بۆ ئه‌و پیشوازییه‌ گه‌رمه‌ى كه‌لێیكرا و تەئکیدی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان کونسڵخانه‌ی گشتیی ئیمارات و پارێزگاى هەولێر کردەوه‌.