بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، دەستکرا بەپڕۆسەى دانانی سەرەبلۆک لە قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریی

بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، دەستکرا بەپڕۆسەى دانانی سەرەبلۆک لە قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریی

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنج شەممە 2022.8.11، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى و بەرێوەبەرى شارەوانى2 و بەڕیوەبەرى هونەرى سەرۆکایەتى شارەوانى و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران و بەشێک لەنوێنەرانى خاوەن زەوییەکان، لەلایەن تیمێکى تایبەتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەستکرا بەپڕۆسەى دانانی سەرەبلۆکی قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریى، بەمەبەستى دانانی دیزاینی پڕۆفایل و دەستنیشانکردنى بەرزی و نزمی زەوییەکان، دواى وەرگرتنەوەی یەکەم وێنەی تۆماری ئەم زەوییانەش لەلایەن تیمى ناوبراو دەست دەکرێت بە ڕێگەپێدانى خاوەنى زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانیان.
لەوبارەیەشەوە بەرێز پارێزگارى هەولێر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، وێراى پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەکانى گوندى کۆریى گوتى: "زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەست دەکرێت بە پڕۆسەیەک کە ماوەیەکى زۆرە خەڵکێکى هەژار و کەمدەرامەت چاوەروانى بوون، کە هەموو ئەوانەى سودمەندبوونە لەو زەویانەش خەڵکى هەژار و کرێنیشینى شارەکەمانن".
جێگەى باسە، کۆی سوودمەندی قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریی (4124) پارچە زەویە لەسەر ڕووبەری (830) دونم، کە 41% بۆ نیشتەجێبوون و 22% بۆ سەوزایی و 37% بۆ شەقام و خزمەتگوزارى وەک بنکەى تەندروستى و قوتابخانە .. هتد تەرخانکراوە.