بەگوژمەی زیاتر لە(242 ملیۆن دینار) دەست بەپڕۆژەی قیڕتاوکردنی 22 شەقامی گەڕەکی هەولێری نوێ کرا
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 2022.8.20، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و عبدالواحد احمد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، پڕۆژەی قیڕتاوکردنی 22 کۆڵانی لەکەرتی (250م)ی گەڕەکی هەولێری نوێ بەسەرکردەوە کەوەک قۆناغی یەکەم بە گوژمەی (242,100,000) دووسەد و چل و دوو ملیۆن و سەد هەزار دینار لەسەر داهاتی15% سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
پارێزگاری هەولێر دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکە و دەستخۆشی لەسەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و ئەندازیارانی سەرپەرشتیار و کرێکاران، ڕایگەیاند:" بەر لە هاتنی وەرزی زستان بەپێی توانا کار لەسەر سەرجەم گەڕەک و شەقامەکان دەکەین کە پێویستیان بە گەیاندنی خزمەتگوزارییە. ڕاشیگەیاند:" کارەکانی قیڕتاوکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ چەندین گەڕەکی دیکە ئامادەیە دوای ئەم گەڕەکە لە چەندین گەڕەکی دیکەش گەیاندنی خزمەتگوزاری بەردەوامیان دەبێت".